سامانە سروشتییەکان: لە هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی بەنزین بەردەوامین

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەکردنی کێشەی بەنزین. گوتیشی: هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەنزین بە نرخی (450) دینار دابەش بکات، بەو مەرجەی کە بەغدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتە دابین بکات کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان کراوە.

سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، د. خەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "قەیرانی سووتەمەنی، بە تایبەت بەنزین، قەیرانێکی گشتگیرە و لە هەموو جیهاندا ناجێگیری لە نرخی سووتەمەنیدا هەیە. ئێستا کە نرخی سووتەمەنی، بە تایبەت بەنزین، لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، ئێمە وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەردەوام هەوڵدەدەین ئەم بارگرانییە لەسەر شانی هاووڵاتییان سووکتر بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەنگاو و رێکارمان گرتووەتەبەر."

گوتیشی: "بۆ بەردەستکردنی بڕی زیاتری بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێم، کۆمپانیاکان هان دەدرێن و ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بەنزینی کوالێتی ستاندارد بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە بکرێت."

 

دۆخی بەنزین لە عێراق و هەرێمی کوردستان

د. خەزال هۆستانی روونی کردەوە، پاڵاوگەکانی عێراق ناتوانن پێداویستیی ناوخۆیی بەنزین دابین بکەن؛ لەبەر ئەوە حکوومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەتی بۆ هاوردەکردنی بەنزین تەرخان کردووە و خستوویەتییە بەردەستی وەزارەتی نەوت، کە لە رێگەی کۆمپانیای "ئادنۆک"ی ئیماراتی و چەند وڵاتێکی دیکەوە بەنزین هاوردە دەکات. نرخی هەر لیترێک لەم بەنزینە هاوردەکراوە زیاتر لە (2،500) دینارە، کە خەرجییەکەی لەسەر ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵییە، بەڵام بە (450) دینار دەدرێتەوە بە هاووڵاتیان و زیاتر لە (2،000) دینار بۆ هەر لیترێک پاڵپشتیی دارایی (سەبسیدی) دەکرێت. بەڵام لەم بڕە بەنزینە هاوردەکراوە، هیچ بڕێک بۆ حکوومەتی هەرێم تەرخان نەکراوە و ئێمەش داوامان کردووە بڕێک لە بەنزینی هاوردەکراو بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت، یاخود بودجەیەک بۆ هاوردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت.

 

داواکاری زیادکردنی بەشی نەوتی کوردستان

ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، بە فەرمی داوایان لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کردووە بەشی نەوتی کوردستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، لە (50) هەزار بەرمیل رۆژانە زیاد بکرێت بۆ نێوان (130) تا (140) هەزار بەرمیلی رۆژانە و، ئەم زیادکردنە لە بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێم بێت یان کێڵگەکانی عێراق. بەڵام بەغدا هەتا ئێستا وەڵامی ئەم داواکارییەی نەداوەتەوە و بێدەنگە.

د. خەزال هۆستانی گوتی: "پێش دروستبوونی ئەم قەیرانە، چەندین نووسراومان بۆ بەغدا ناردبوو و پێشبینیمان بۆ ئەم دۆخە کردبوو؛ داوامان لێکردبوون هاوکارمان بن بۆ ئەوەی نەگەینە ئەم دۆخەی ئێستا، بەڵام بەغدا بێوەڵام بوو."

 

بنەمای ئابووریی نرخی (450) دینار

سەبارەت بە بنەمای نرخی (450) دینار، د. خەزال هۆستانی روونی کردەوە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە ئێستا بۆ هەر بەرمیلێک بە (16) دۆلار دیاریی کراوە بۆ ئەو بڕە نەوتەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەکرێت)، کە خەرجییەکەی لەسەر ئەستۆی حکوومەتی هەرێمە.

دەشڵێت: ئەگەر عێراق ئەو خەرجییە (16) دۆلارییەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە ئەستۆ بگرێت و تێچووەکەی بدات بە حکوومەتی هەرێم، ئەوا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەتوانێت لە جیاتی (750) دینار، بەنزینی حکوومی بە (450) دینار بۆ هەر لیترێک بداتە هاووڵاتییان.

 

رەتکردنەوەی دەنگۆی هەناردەکردن

د. خەزال هۆستانی دەنگۆی هەناردەکردنی بەنزینی بەرهەمهاتووی وەزارەتمان لە هەردوو پاڵاوگەی (کار) و (لاناز) بۆ دەرەوەی وڵات رەت کردەوە و گوتی: "ئەمە قسەیەکی ناڕاستە و بۆ چەواشەکردنی خەڵکە."

گوتیشی: "لە (50) هەزار بەرمیل نەوت، یەک ملیۆن و (750) هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دێت و، هەموو تانکەرەکانی گواستنەوەی بەنزین لە لایەن تیمی چاودێری و پشکنینەوە، لە کاتی دەرچوونیان لە پاڵاوگەکانەوە هەتا بەتاڵکردنەوەیان لە بەنزینخانەکان، بە تاک بە تاک چاودێری دەکرێن و بە سیستمی کامێرای چاودێری بەستراونەتەوە.

هەروەها باسی لەوە کرد، لیژنەی تایبەتمەند بەردەوام چاودێریی ئاستی کوالێتی و نرخی ئەو بەنزینخانانە دەکەن کە بە گوێرەی لیستی دیاریکراو رۆژانە بەنزین بە نرخی (750) دیناری وەزارەتمان دەفرۆشن.