موحسین رەزایی: رێککەوتنمان لەگەڵ عومان جیاوازە لە پرسی داخستنی گشتیی گەرووی هورمز

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەمریکا مەرجەکانی تاران جێبەجێ دەکات، و جەختیشی کردەوە کە لێک تێگەیشتنی رێڕەوی عومان جیاوازە لە پرسی داخستنی گشتیی گەرووەکە.

سێشەممە 11ـی ئابی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی چین لە تاران جەختی لەوە کردەوە، رێککەوتننامەیەکی ستراتیژی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، جیا لەوەی تاران و بەیژینگ لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی وەک "شانگهای" و "بریکس (BRICS)" بەشدارن، کە ئەمەش پەرە بە پەیوەندییەکانیان لە داهاتوودا دەدات.

موحسین رەزایی هەڵوێستی بەیژینگی بەرز نرخاند لە پشتگیرینەکردنی پڕۆژەبڕیارە نایاساییەکەی دژی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی جەنگدا.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش، واشنتنی بە سەرچاوەی نائارامی لە کەنداو، گەرووی هورمز و دەریای عومان زانی، کە بە سەپاندنی جەنگێکی نایاسایی سەرجەم ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

رایگەیاند: "تا ئەو کاتەی ئەمریکا رەفتارەکانی نەگۆڕێت و مەرجەکانی ئێران قبووڵ نەکات، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە. پێویستە ئەمریکا جەنگ کۆتایی پێ بهێنێت، پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران بگەڕێنێتەوە، و جەنگ لە سەرانسەری ناوچەکەدا، بەتایبەت لە لوبنان و کەرتی غەززە کۆتایی بێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی مەرجەکانی تری ئێران کە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێیان گەیەندراوە."

موحسین رەزایی جەختی لەوە کردەوە، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێک لە نێوان ئێران و عوماندا لەسەر کێشانی رێڕەوی نوێی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا واژۆ بکرێت، ئەم بابەتە لە رووی سیاسییەوە تەواو جیاواز دەبێت لە مەلەفی داخستنی گشتیی گەرووەکە.