کریس رایت: هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز بۆ نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیل بەرز بووەتەوە
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە بەهۆی هەوڵە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانانی کەنداو، تێکڕای هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بووەتەوە، و تێکڕای هەناردەی گشتیی زۆنەکەش گەیشتووەتە 15 ملیۆن بەرمیل.
سێشەممە 11ـی ئابی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بەهۆی هەوڵە هاوئاهەنگەکانی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو، تێکڕای گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
وەزیری وزەی ئەمریکا روونیکردەوە، کاتێک ئەم بڕە گواستراوەیە دەبسترێتەوە بەو 5 تا 7 ملیۆن بەرمیلەی تر کە رۆژانە لە رێگەی بۆریی نەوتی نوێ و دامەزراوە نوێیەکانی هەناردەکردنەوە دەچنە دەرەوە، تێکڕای لێشاوی گواستنەوەی نەوتی گشتی لە ناوچەکەدا بە تێکڕا دەگاتە نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
کریس رایت جەختی لەوەش کردەوە، تەنیا لە رۆژی یەکشەممەی رابردوودا، زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی هەناردە کراوە، کە ئەم بڕەش زۆر بەرزترە لە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی ناوچەکە پێش دەستپێکردنی ململانێ و جەنگەکە.