پەیامنێری کوردستان24: هێرشکرایەسەر هێزەکانی هەسەدە

لە هێرشێکی چەکداریی لەناکاودا بۆ سەر خاڵێکی هاوبەشی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا لە گوندی تەویلی حەربی دەوروبەری قامشلۆ، دوو شەڕڤان گیانیان لەدەستدا و دووانی تریش بە سەختی بریندار بوون؛ تا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی رووداوەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ و هێزە ئاسایشییەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هەڵمەتەکە دەستپێکردووە.

سێشەممە 11ـی ئابی 2026، ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند، بەر لە نزیکەی کاتژمێرێک، هێرشێکی چەکداریی لەناکاو کراوەتە سەر خاڵێکی هاوبەشی ئەمنی و سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا لە گوندی "تەویل" لە دەوروبەری شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای سووریا.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، هێرشەکە لە لایەن کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوەوە ئەنجامدراوە، و لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا 2 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 2ی تریش بە سەختی بریندار بوون.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک یان گرووپێکی چەکدار بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەم هێرشە تێکدەرانەیە رانەگەیاندووە.

هەروەها هەڵزوار میتانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەربازیی ناوچەی رۆژهەڵات لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، دووپاتی کردەوە، بەهۆی هێرشکردنە سەر خاڵێکی فەرمیی هێزەکانی لیوای قامشلۆ لە گوندی تەویلی حەرب لە دەوروبەری قامشلۆ، 2 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 2ـی تریش بە سەختی بریندار بوون.

هەڵزوار میتانی ئاشکرای کرد، ئەم هێرشە لە لایەن گرووپێکی چەکداری نادەستووری و دەرچوو لە یاسا ئەنجامدراوە.

میتانی جەختی لەوەش کردەوە کە هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و راوەدوونانی تێوەگلاوانی ئەم کارە تێکدەرانەیە بۆ گرتنەبەری تێکڕای رێکارە یاساییە پێویستەکان دژیان.