مۆسکۆ: رێککەوتنی بنکە سەربازییەکان لەگەڵ دیمەشق پەیوەندییە دوولایەنەکان بەهێزتر دەکات

رووسیا دەستبەرداری تەرتووس نەبوو؛ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق واژۆ کرا

دوای 18 مانگ لە دانوستانی چڕ و دروستبوونی گومان لەسەر داهاتوویان پاش رووخانی رژێمەکەی ئەسەد، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا واژۆکردنی یادداشتی لێکگەیشتنی لەگەڵ دیمەشق راگەیاند بۆ رێکخستنەوەی بوونی سەربازیی مۆسکۆ لە بنکەکانی حمێمیم و تەرتووس و گۆڕینی ئەرکیان بۆ ناوەندی هاوبەشی راهێنان.

سێشەممە 11ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، واژۆکردنی یادداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ سووریا لە رکەوتی 9ـی ئاب سەبارەت بە کارکردنی بنکەکانیان لە حمێمیم و تەرتووس، هەنگاوێکی گرنگە بە ئامانجی بەردەوامبوونی هاوکارییە سەربازییە دوولایەنەکان. ئەم لێک تێگەیشتنە دوای 18 مانگ لە دانوستان بەدەستهات، بەتایبەت دوای ئەوەی چارەنووسی ئەم بنکانە پاش رووخانی رژێمەکەی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2024دا کەوتبووە بەر گومان.

بڕیاردراوە پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی رووسیا لە کەناراوەکانی سووریا دەستپێبکات، بە جۆرێک دەوڵەتی سووریا بەڕێوەبردنی سەرجەم ژێرخانە مەدەنییەکان دەگرێتە دەست، کە لە پێشەنگیاندا فڕۆکەخانەی حمێمیم و رەسێفی بازرگانیی چوارەم لە بەندەری تەرتووسن. سەبارەت بە دامەزراوە سەربازییەکان، رێککەوتن کراوە ئەرکیان لە بنکەی سەربازییەوە بگۆڕدرێت بۆ "ناوەندی هاوبەشی مەشق و راهێنان".

سەرچاوەیەکی ئاگاداری سووری بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەشێک لە هێزەکانی رووسیا بەردەوام دەبن لە نیشتەجێبوون لەم ناوەندانەدا، رووسیا کە پێشتر مافی پەنابەری بە ئەسەد و خێزانەکەی بەخشیوە، ئەم دوو بنکەیە بە سەرچاوەی سەرەکی دەبینێت بۆ پاراستنی نفووز و پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست تا ئەفریقا، بەوپێیەی تەرتووس تەنیا ناوەندی چاککردنەوەی کەشتییەکانی مۆسکۆیە لە دەریای ناوەڕاستدا.

لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا "تاس (TASS)" بڵاویکردەوە کە مۆسکۆ بڕیاری داوە بە دووبارە کردنەوەی ناوەندی کولتووریی خۆی لە دیمەشق، کە بە "ماڵی رووسی" دەناسرێت، ئەمەش دوای ئەوەی شاندێکی رووسی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی نوێی دەوڵەتی سووریادا ئەنجامدابوو

یەکشەممە 9ی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا "سانا" لە زاری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە یادداشتی لێکگەیشتنێک بۆ "دووبارە داڕشتنەوەی" ئەرکی بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی رووسیا، بە شێوازێک کە لە بنکەی سەربازییەوە بگۆڕدرێن بۆ "ناوەندی هاوبەشی مەشق و راهێنان" لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بپارێزێت.

وەزارەتی دەرەوە روونیکردەوە کە لایەنەکان بەشێوەیەکی کاتیی تاوەکوو 3 مانگیان دیاریکردووە بۆ تەواوکردنی تەواوی پڕۆسەی گۆڕینی ئەرکی بنکەکان، بۆ ئەوەی رێککەوتنە نوێیەکە بە فەرمی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی دەقی یادداشتەکە، پڕۆسەی رێکخستنەوەی بوونی رووسیا لە کەناراوەکانی سووریا دەستپێدەکات، و بڕیاریشە سووریا بەڕێوەبردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان بگرێتە دەست، کە لە پێشەنگیاندا فڕۆکەخانەی حمێمیم و رەسێفی بازرگانیی چوارەم لە بەندەری "تەرتووسن، بە شێوازێک کە قۆناخ بە قۆناخ تێکەڵی سیستەمی ئیداریی مەدەنیی دەوڵەتی سووریا بکرێنەوە.