عەلی زەیدی: مەترسیدارترین هەڕەشە لەسەر وڵات چەکی کۆنترۆڵنەکراوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنماییدا بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، راشیگەیاند، گەورەترین مەترسی لەسەر دەوڵەت چەکی بێمۆڵەتە، چونکە سەروەریی یاسا پێشێل دەکات و شکۆی دامەزراوە ئەمنییەکان لاواز دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا ئۆپراسیۆن و رەوشی ئەمنیی وڵات، هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکان لە سەرجەم پێکهاتەکاندا بۆ سەپاندنی ئارامی و پاراستنی سنوور و ئاسمانی عێراق لە بەرامبەر مەترسییەکان، بەتایبەت لە سایەی ئاڵۆزی و پێشهاتەکانی ناوچەکەدا تاوتوێ کران.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنماییداوە بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ حەسری چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەگوێرەی رێکارە دەستوورییەکان و رایگەیاندووە "مەترسیدارترین شت کە هەڕەشە لە دەوڵەت بکات چەکی بێمۆڵەت و دەرەوەی یاسایە، چونکە دەسەڵاتی یاسا دەپوکێنێتەوە و شکۆی دامەزراوە ئەمنییەکان دادەبەزێنێت."

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گرنگیی بەهێزکردنی پێگەی دەوڵەت، سەروەری، دامەزراوە دەستوورییەکان و بەرزکردنەوەی تواناکانی دامەزراوەی سەربازی کرد، تاوەکو سەقامگیریی ناوخۆیی مسۆگەر بێت کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا.

سەرۆکی وەزیران جەختیشی لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان کردەوە بۆ دەرکردنی یاساکان و دابینکردنی سەرقۆڵی یاسایی بۆ بەرنامە گەشەپێدانەکانی حکومەت، داواشی کرد کۆبوونەوەی خولیی بەردەوام لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان بسترێت.