دەوڵەتانی عەرەبی بە توندی سەرکۆنەی بڕیارەکەی کۆڵۆمبیا دەکەن

بڕیاری فەرمیی کۆماری کۆڵۆمبیا بۆ ناساندنی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا ، ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی بەرفراوانی دیپلۆماسیی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە، لە کاتێکدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە کرد.

سێشەممە 11ـی ئابی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا جەختی لە بڕیارەکەی کۆڵۆمبیا کردەوە و رایگەیاند: ئەمڕۆ گەلی ئیسرائیل هاوسۆزە لەگەڵ کۆڵۆمبیا ، چونکە سەرۆکی کۆڵۆمبیا کە دۆستمانە، بە فەرمی دانی بە سەروەریی ئیسرائیلدا نا بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا. من سوپاست دەکەم جەنابی سەرۆک بۆ ئەم بڕیارە

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیەندراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا کرد و جەختی کردەوە کە جۆلان بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی سووریا و بڕیارەکەی کۆڵۆمبیا پێشێلکردنی زەقی بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێدوانەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی و بڕیاری ژمارە 497ـی ئەنجوومەنی ئاسایشە لە ساڵی 1981دا (کە تێیدا سەپاندنی یاساکانی ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا بە پووچەڵ و دەستبەجێ هەڵوەشاوە هەژمار دەکات).

هەروەها سووریا سەرنجی خستە سەر گەشەکردنی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سووریابوونی جۆلان، کە لە 97 دەوڵەت لە ساڵی 2024ەوە بۆ 123 دەوڵەت لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە.

سەرکۆنەکردنی بەربڵاوی وڵاتانی عەرەبی

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی توندی بڕیارەکەی کۆڵۆمبیای کرد و رایگەیاند جۆلان بەشێکی دانەبڕاوی خاکی سووریایە و عێراق پشتیوانیی تەواوی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و ئەم جۆرە بڕیارانەش هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی یان شەرعی بە داگیرکاری نابەخشن.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەش سەرکۆنەی بڕیارەکەی کۆڵۆمبیای کرد و رایگەیاند، ناساندنی جۆلان وەک بەشێک لە ئیسرائیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت بڕیاری ژمارە 497ـی ئەنجوومەنی ئاسایشە لە ساڵی 1981 و ئەم جۆرە هەنگاوانە هیچ شەرعیەتێک بە داگیرکاری نابەخشن و دەبنە رێگر لە بەردەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش، پێداگری لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە کە جۆلان خاکێکی داگیرکراوی سووریایە و رایگەیاند بڕیاری کۆڵۆمبیا بۆ پشتگیریکردنی داگیرکاری ناتوانێت راستییەکان بگۆڕێت، و هۆشداریشی دا هەر جۆرە بڕیارێکی تاکلایەنەی لەم شێوەیە تەنیا دەبێتە بەربەستی سەرەکی لە بەردەم چارەسەری ئاشتیانەی ململانێکان لە ناوچەکەدا.