سێنتکۆم: کەشتییەکمان لە کەنداوی عومان لەکارخست

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند, هێزەکانیان لە رێگەی کۆپتەرێکی جەنگییەوە، بە دوو مووشەکی جۆری "هێڵفایەر" ژووری بزوێنەری کەشتییەکی بازرگانیی پەنەماییان لە دەریای عومان بۆردوومان کردووە و پەکخستووە، پاش ئەوەی هەوڵی دابوو گەمارۆ دەریاییەکانی دژی ئێران پێشێل بکات.

سێشەممە 11ـی ئابی 2026، سێنتکۆم لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا سیستەمی ئاڕاستەی کەشتیی بازرگانیی "M/V Vela Nova"یان تێکشکاند و پەکخست، کە کەشتییەکە هەڵگری ئاڵای پەنەما بووە و هەوڵی دابوو بە دەریای عوماندا تێپەڕ ببێت بەرەو بەندەرێکی ئێرانی بە مەبەستی پێشێلکردنی گەمارۆ فەرمییەکانی ئەمریکا دژی تاران.

سێنتکۆم روونیکردەوە، کۆپتەرێکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە جۆری "MH-60"، دوای ئەوەی ستافە مەدەنییەکەی کەشتییەکە چەندین هۆشداریی فەرماندەیی ئەمریکایان پشتگوێ خست، دوو مووشەکی جۆری "هێڵفایەر (Hellfire)"ی ئاڕاستەی ژووری بزوێنەری کەشتیی ڤێلا نۆڤا کرد. بەهۆی ئەم بۆردوومانەوە، کەشتییەکە لە کار کەوت و گەشتەکەی بۆ ئێران راگیرا، لە کاتێکدا گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بە تەواوی کاریگەرییەکانی لە ئارادایە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماری نوێی چالاکییەکانی تا رێکەوتی 11ی ئاب بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ پاراستنی گەمارۆکە، ئاڕاستە و رێڕەوی 55 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە کە ویستوویانە گەمارۆکە ببڕن، 3 کەشتیی سەرپێچیکاریان بە تەواوی لەکارخستووە (پەکخستووە)، و چوونەتە سەر 2 کەشتیی تری بازرگانی بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە.

سێنتکۆم جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەڕی چاوکراوەیی، هێز و ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان.