ئارین مەسرور بارزانی خەڵاتی ناساندنیی جیهانی 2026 بۆ سەرکردایەتیکردن بەدەستهێنا

سێشەممە 11ـی ئابی 2026، ئارین مەسرور بارزانی بەهۆی کار و دەستپێشخەرییە سەرکەوتووەکانی لە رێگەی "Kurdistan Foundation" بۆ بەشداریپێکردنی گەنجان، پاراستنی ژینگە، پەرەپێدانی پەروەردە و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، خەڵاتی ناساندنی جیهانیی 2026 (Global Recognition Award)ی لە کایەی سەرکردایەتیکردندا بەدەستهێنا.

 ئارین مەسرور بارزانی کارەکانی کوردستان فاوەندەیشنی بە ئاراستەی پەرەپێدانی بەردەوام و رەخساندنی دەرفەتی راستەقینەی کار، راهێنان و پێشخستنی تواناکان جێگیر کردووە. ئامارە فەرمییەکانی دەزگاکە پێشگەوتنێکی بەرچاو لە کارە مرۆییەکانیدا نیشان دەدەن، کە تاوەکو ئێستا توانیویەتی هاوکاریی 25,000 خۆبەخش بکات، زیاتر لە 29,000 کەس لە خولەکانی راهێناندا سەرپەرشتی بکات، پاڵپشتی لە دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ 35,000 گەنج بکات، و زیاتر لە 41,000 کاتژمێری خزمەتگوزاریی گشتی لە پێناو کۆمەڵگەدا تەواو بکات.

ئامادەکارییەکان و گرنگترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان

یەکێک لە پڕۆژە فەرمییە سەرەکەییەکانی دەزگاکە بریتییە لە ناوەندی گەنجان (Youth Hub)، کە بە گەورەترین ناوەندی گەنجان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراقدا دادەنرێت و کایەیەکی گونجاوی بۆ فێربوون، گفتوگۆ و هاوئاهەنگیی گەنجان رەخساندووە.

هاوکات، لە کەرتی ژینگەدا کەمپینی هۆشیاریی "Climate.KRD 100 Schools" بەڕێوەدەبەن کە تێیدا بابەتەکانی پاراستنی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە خوێندنگەکاندا بە شێوازێکی زانستی فێری خوێندکاران و مامۆستایان دەکرێت تا ببێتە سەرەتایەک بۆ بەهێزکردنی بەرپرسیارێتیی هاوبەش بەرامبەر بە ژینگە.

لە کایەی داهێنان و تەکنۆلۆژیاشدا، ئارین بارزانی پشتگیریی فەرمیی لە پڕۆژەی خوێندنەوەی دەق بە زمانی کوردی (Kurdish Text-to-Speech) کردووە، کە خزمەتگوزارییەکی گەورە پێشکەش بە بەو کەسانەی زمانی کوردی دەکات کە کێشەی بینینیان هەیە، ئەمەش بە مەبەستی بەشداریکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لە کایەی دیموکراسی و کۆمەڵایەتیدا بێ جیاوازی.

هەڵسەنگاندنی خەڵاتەکە و بڕیاری لیژنە

بڕیاری بەخشینی خەڵاتی جیهانیی ناساندنی 2026 بە ئارین بارزانی، لە لایەن لیژنەیەکی شارەزای نێودەوڵەتییەوە درا دوای هەڵسەنگاندنی تواناکانی لە بوارەکانی سەرکردایەتی، داهێنان، خزمەتگوزاریی گشتی، پاراستنی ژینگە و لێکەوتە ئەرێنییە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی سیستەمی نمرەکردنی 1 بۆ 5 (کە 5 ئاستی نایاب و جیهانی دەردەخات) بە بەکارهێنانی مۆدێلی زانستیی "ڕاش (Rasch Model)".

ئەلێکس ستێرلینگ، گوتەبێژی رێکخراوی خەڵاتی جیهانیی ناساندن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، "ئارین مەسرور بارزانی شایستەی ئەم خەڵاتەیە چونکە توانیویەتی ئاراستەیەکی روون و خزمەتگوزاریی کرداری پێکەوە ببەستێتەوە، و سیستەمێک دابڕێژێت کە گەنجان و پێکهاتە لاوازەکان هاوکار بن لە دروستکردنی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا."

راشیگەیاند، کارەکانی ئارین بارزانی رێگە بۆ ڕەخساندنی دەرفەت، بەهێزکردنی بەرپرسیارێتیی هاوبەش و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەکان خۆش دەکات بۆ گەیشتن بە پێویستییەکانی خۆیان.