هەواڵگری ئەمریکا: ستراتیژی ئێران گۆڕاوە و گەرووی هورمز بووەتە ئەولەویەتی تاران
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی نوێی هەواڵگری سەربازی ئەمریکا، ئێستا ئەولەویەتی ستراتیژی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە گۆڕاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، تاران گەرووەکە وەک کارتێکی فشاری بەهێزتر و کاریگەرتر دەبینێت.
تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژی ئێراندا دوای ئەوە دێت، بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە قۆناخەکانی پێشووی ململانێکاندا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بۆیە ئێستا تاران گەرووی هورمز وەک چەکێکی کاریگەرتر بۆ فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر گەرووەکەدا، کارێکی درێژخایەن، تێچووی زۆر و خوێناوی دەبێت و هیچ گەرەنتییەکی سەرکەوتنیشی نییە. بەپێی پلانە سەربازییەکان، پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکی ببنە قوربانی، ئەمەش وایکردووە ترەمپ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بژاردەکان بکات.
لە لایەکی دیکەوە، سێ بەرپرسی ئەوروپی و دوو بەرپرسی وڵاتانی کەنداو هاوڕان لەسەر ئەوەی کردنەوەی گەرووەکە بە هێزی سەربازی سەرکێشییەکی گەورەیە، چونکە رەنگە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا رووبەڕووی مووشەکی کرووز و درۆنەکانی ئێران ببنەوە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی نەوت.
ئیدارەی ترەمپ لە وەڵامی ئەم هەڵسەنگاندنانەدا رایگەیاندووە، گەرووی هورمز بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی هێزی دەریایی ئەمریکادایە، بەرپرسێکی ئیدارەکە دەڵێت: "هیچ شتێک بە گەرووەکەدا تێپەڕ نابێت مەگەر ئێمە بمانەوێت، تێپەڕبوونی کەشتییەکانیش تەنیا دوای رێککەوتن یان خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی ئێران دەبێت."
دۆناڵد ترەمپ، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا گەرووەکەی گەمارۆ داوە و وەک دیوارێکی پۆڵاین کە نابڕدرێت وەسفی کرد.
بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمی کردووە. لە کاتێکدا پێشتر رۆژانە نزیکەی 100 کەشتی تێدەپەڕین کە 20٪ی نەوت و گازی جیهانیان دەگواستەوە، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا تەنیا 17کەشتی تێپەڕیون.
ئێران بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە چەند مەرجێکی داناوە، لەوانە: کۆتاییهێنان بە جەنگ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی و پێدانی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ. لە بەرامبەردا ترەمپ ئەو مەرجانەی رەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە، دەبێت ئێران باجی ئەو زیانانە بدات کە بە هێزەکانی ئەمریکای گەیاندووە.