پەرلەمانی عێراق تەمەنی خانەنشینی کەم دەکاتەوە
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تەواوی رێکارەکانی هەموارکردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی تەواو کردووە.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی خالید عوبەیدی و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ دەربارەی گرنگترین بڕگەکانی دووەم هەموارکردنی یاسای ژمارە 18ـی ساڵی 2011 کرا، تێیدا بڕیاردرا تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە بۆ ئەفسەران و پلەدارەکان لە 45 ساڵەوە بۆ 40 ساڵ کەم بکرێتەوە بەو مەرجەی خزمەتی کردەییان لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت، هاوکات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی ئەمرە و ئەژمارکردنی بڕوانامە باڵاکان وەک پێشخستنی وەزیفی و زیادکردنی چەند موخەسساتێکی بڕاوە بۆ مەبەستی خانەنشینی درا.
لە بەشێکی دیکەی هەموارەکەدا، لیژنەکە رێکخستنەوەی مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی تاوتێکرد کە بڕیارە بەپێی سیستمێک بێت لەلایەن وەزیری ناوخۆوە پێشنیاز دەکرێت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەسەندی دەکات، بەجۆرێک کە مەرجی وەرگرتنی پۆست بۆ پلەبەرزکردنەوە لادراوە.
هەروەها گرنگییەکی تایبەت بە مافی شەهیدان و برینداران دراوە، بەشێوەیەک ئەو کەسانەی بە گرێبەست لە وەزارەتی ناوخۆ کاردەکەن لەکاتی شەهیدبووندا دۆخی یاساییان رێکدەخرێتەوە، و پلەی مولازم دەدرێتە ئەو شەهید و بریندارانەی کەمئەندامیی تەواویان هەیە بۆ مەبەستی خانەنشینی، لەگەڵ بەرزکردنەوەی پلەی ئەو بریندارانەی رێژەی کەمئەندامییان 50٪ یان زیاترە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گۆڕینی چەند زاراوەیەکی یاسایی کرایەوە، لەوانە گۆڕینی دەستەواژەی "پیاوی پۆلیس بۆ منتسب" تاوەکو هەموو ئەفسەران و پلەدارەکان بگرێتەوە، و بەکارهێنانی "مووچەخۆری شارستانی" لە شوێنە دیاریکراوەکاندا بەگوێرەی یاسا. ئەم هەموارکردنە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ماف و ئیمتیازاتی زیاترە بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و رێکخستنەوەی میلاکاتی وەزارەتەکە، و وەک هەموارێک بۆ یاسای کارپێکراوی ئێستا دەمێنێتەوە نەک وەک یاسایەکی نوێ.