ئەمریکا داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر نەوتی رووسیا دەکات
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان، بە فەرمی داوای لە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە، هێرشە درۆنییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە بەندەرەکانی رووسیادا رابگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئەم داواکارییە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بووە کە لە 31ـی تەممووزی رابردوو لە نێوان ڤانس و زێلێنسکیدا ئەنجامدراوە. تێیدا ڤانس جەختی کردووەتەوە، پێویستە ئۆکرانیا کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت کە دەکرێنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئەمەش لەپێناو رێگریگرتن لە پەککەوتنی گەیشتنی سووتەمەنی و وزە بە بازاڕەکانی جیهان.
راپۆرتەکە ئاماژە دەکات، واشنتن نیگەرانە لەوەی ئەم هێرشانە ببەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری بازاڕەکانی وزەی جیهان و زیان گەیاندن بە کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکانی وەک شیڤرۆن.
تەرکیزی سەرەکی ئەمریکا لەسەر وێستگەی کۆنسۆرتیۆمی بۆری دەریای قەزوین (CPC)ـە لە بەندەری نۆڤۆرۆسیسکی رووسیا. ئەم تۆڕە نەوتی کازاخستان دەگوازێتەوە کە نزیکەی 2٪ی تێکڕای نەوتی جیهان پێکدەهێنێت و ئێستا وەک جێگرەوەیەکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی لە گەرووی هورمزدا هەن.
رۆژنامەی فایانشاڵ تایمز دەڵێت؛ شیکارییەکان و راپۆرتە مەیدانییەکان دەریدەخەن، ئۆکرانیا بەدەم داواکارییەکەی ڤانسەوە چووە؛ چونکە لە کۆتایی مانگی تەمموزەوە ئۆکرانیا هەڵمەتە چڕەکانی خۆی دژی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو ناوچەیەدا راگرتووە.