چوار درۆن لە سۆران، خەلیفان و هەریر کەوتنەخوارەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، بەکر سلێمان پەیامنێری کوردستان24 لە سۆران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار درۆن لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خەلیفان و شارەدێی هەریر کەوتوونەتە خوارەوە. 

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەوتنەخوارەوەی ئەو درۆنانە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

سەبارەت بە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لە ناوەندیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێک لە درۆنەکان بەر ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی کەوتووە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات لە سنووری قەزای خەلیفان، دوو درۆن لە نزیك گوندێکی ناوچەکە کەوتوونەتە خوارەوە. هەرچی درۆنی چوارەمە، لەسەر چیای بەنی هەریر لە سنووری شارەدێی هەریر کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگر لە پوش و پەڵاشی چیاکە کەوتووەتەوە.