لە دیاربەکر بە تابلۆی نووسراوی کوردی سوپاسی ئەردۆغان دەکەن
لە دیاربەکر؛ دوای پەسەندکردنی "پڕژە یاسای چارچێوە" بە تابلۆی نووسراوی کوردی سوپاسی ئەردۆغان کرا.
لقی گەنجانی ئاکپارتی لە شاری دیاربەکر، بە هەڵواسینی لافیتەی گەورە سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی هاودەنگی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە وەک یاسای چوارچێوە بۆ پرۆسەی چارەسەری ناسراوە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا و بوو بە یاسا.
لەسەر ئەو تابلۆیهی کە لەسەر پردێکی پەڕینەوە لە ڕێگای سەرەکی (دیاربەکر-رەحا) هەڵواسراوە، بە زمانی کوردی نووسراوە: "زۆر سوپاس سەرۆک؛ ئاشتی پیرۆز بێت و برایەتی بەردەوام بێت."
ئەنەس چیمەن، سەرۆکی لقی گەنجانی ئاکپارتی لە دیاربەکر، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دیاربەکر شارێکی گرنگە و لە ئێستادا پاراستنی کەشوهەوای ئارامی و سەقامگیری بۆ شارەکە لە هەموو شتێک گرنگترە.
چیمەن جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەرفەتێکی مێژووییە بۆ داهاتووی دیاربەکر، چونکە لە هەر شوێنێک ئارامی هەبێت، وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری زیاتر دەبێت.
گوتیشی، بەم هەنگاوە تونای شارەکەیان لە بوارەکانی گەشتیاری، پیشەسازی و بازرگانی زیاتر دەردەکەوێت و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت پەرلەمانی تورکیا یاسای تایبەت بە چارەنووسی چەکدارانی پەکەکەی پەسەندکرد و چاوەڕێ دەکرێت دوای هەڵوەشانەوەی تەواوەتی پەکەکە یاساکە بخرێتە بواری جێبەجێکرنەوە.