خۆرگیران کارەبای هەشت ملیۆن کەس لە بەریتانیا کەم دەکاتەوە

خۆرگیران
خۆرگیران

بەهۆی خۆرگیرانەوە وزەی کارەبای هەشت ملیۆن کەس لە بەریتانیا کەم دەبێتەوە.  داوا لە خەڵک دەکرێت بۆ دوو کاتژمێر، ئامێرە گەورەکان کار پێ نەکەن.

کۆمپانیای "ئۆکتۆپۆس ئێنێرجی" کە گەورەترین دابینکەری وزەی کارەبایە لە بەریتانیا؛ داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە نێوان کاتژمێر 06:00 بۆ 08:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، خۆیان بەدوور بگرن لە کارپێکردنی ئەو ئامێرانەی پێویستیان بە بڕێکی زۆر لە کارەبا هەیە. 

کۆمپانیاکە هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کەمبوونەوەی تیشکی خۆر کاریگەریی راستەوخۆ دەکاتە سەر کەمبوونەوەی ئەو کارەبایەی لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەم دەهێنرێت.

دامەزراوەکە روونی دەکاتەوە، کاتی خۆرگیرانەکە هاوکاتە لەگەڵ گەڕانەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان و بەکارهێنانی کارەبایەکی زۆر، بۆیە پێشبینی دەکرێت کارەبای هەشت ملیۆن کەس کەم ببێتەوە. 

لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەکاتەوە قەیرانەکە کاتییە و زوو تێدەپەڕێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، خۆرگیرانەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی یەک پۆینت سێ گێگاوات لە وزەی کارەبای بەریتانیا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، گەورەترین خۆرگیران لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا لە بەریتانیا روو دەدات و زیاتر لە 90%ـی تیشکی خۆر دادەپۆشرێت. ئەم رووداوە گەردوونناسییە کاریگەرییەکی گەورە دەکاتە سەر تۆڕەکانی کارەبا لە ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی.