پاکستان گیانلەدەستدانی سێ هاووڵاتیی خۆی لە هێرشێکی حووسییەکاندا راگەیاند

حکوومەتی پاکستان بە فەرمی رایگەیاند، سێ هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەک لە دەریای سوور گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاشکرای کرد: "لەو هێرشەدا سێ هاووڵاتیی پاکستانی گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە."

راگەیاندنەکەی پاکستان دوای ئەوە دێت، پاسەوانی سنووری یەمەن ئاماژەی بەوە کردبوو، شەش کەس لە هێرشێکی حووسییەکان، بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک گەرووی بابولمەندەب لە کەناراوەکانی باشووری یەمەن کوژراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، قوربانییەکان پێکهاتوون لە چوار ئەندامی تیمی کەشتییەکە سێ پاکستانی و ئیندۆنیزییەک، هەروەها دوو کارمەندی هێزە چەکدارەکانی یەمەن کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن و گواستنەوەی تیمی کەشتییەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەم هێرشانە لە مانگی رابردووەوە، لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشەکانی حووسییەکان دێت بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، گرووپی حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر کەشتییەکانی سعوودیەدا. هەروا ئەم گرژییانە مەترسیی زۆری بۆ سەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە، بەتایبەتی گەرووی بابولمەندەب.

جگە لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، حووسییەکانی یەمەن، لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندان جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکانی نەوتی سعوودییە.  

سعوودییەش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، هێرشی کردووەتە سەر چەندان ئامانجی حووسییەکان لەنێوخۆی یەمەن.