پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان لە رواندز جێبەجێ دەکرێت
لە چوارچێوەی گرینگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتیاری، پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری لە قەزای رواندز دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، قایمقامی قەزاکەش رایدەگەیەنێت، بە تەواوبوونی ئەم ماستەرپلانە کەرتی گەشتیاری ناوچەکە دەچێتە قۆناخێکی نوێوە.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ی راگەیاند، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی گەشتیاری کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە و لە چەند ناوچەیەک پڕۆژەکە چووەتە قۆناخی جێبەجێکردن، پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان لە سنووری رواندز وەک تەواوکەری ماستەرپلانی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشی، لە سنووری رواندز چەند ناوچەیەکی گەشتیاری دەکەونە ناو ماستەرپلانی گەشتیارییەوە و ئێستا دیزاینی سەرجەمیان تەواوکراوە و کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکرێت.
قایمقامی قەزای رواندز ئاماژەی بەوەشکرد، بە تەواوبوونی ماستەرپلانی گەشتیاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کەرتی گەشتیاری ناوچەکە و بە تایبەت رواندز دەچێتە قۆناخێکی نوێ و دەبێتە هۆی راکێشانی هەزاران گەشتیار لە هەر چوار وەرزی ساڵدا.
راشیگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر جەخت لەسەر بەهەمەجۆرکردنی پڕۆژەکان دەکاتەوە و گرنگی تەواو بە کەرتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەدات. سەبارەت بە جێبەجێکردن و تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش، ئەحمەد قادر گوتی: "چەند پڕۆژەیەک بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەوڵی تەواوکردنیانین، یەکێک لەوانە پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیانە کە دەیان گوند لێی سوودمەند دەبن."
ماستەرپلانی گەشتیاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پڕۆژەیەکی ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بە هاوکاری پسپۆڕانی ناوخۆ و کۆمپانیا بیانییەکان جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکی پلانەکە گۆڕینی ناوچەکەیە بۆ ناوەندێکی گەشتیاری جیهانی و پارێزگاریکردن لە ژینگەی ناوچەکە. بە گوێرەی ماستەرپلانەکە، پڕۆژەکان سنووری قەزاکانی سۆران، چۆمان، رواندز و چەند ناوچەیەکی دیکە دەگرێتەوە.