پارتی سەرۆکایەتی چەند لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک وەردەگرێت
دوای گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە گوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارتی سەرۆکایەتیی چەند لیژنەیەکی بەردەکەوێت.
لەوبارەیەوە، شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند "بۆ وەرگرتنی پۆست و پلە نەگەڕاونەتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، جگە لە سەرۆکی ئەنجوومەن، هەر ئەندامێکی ئەنجوومەن، کە ژمارەیان 14 کەسە سەرۆکایەتیی یەکێک لە لیژنەکان بەردەکەوێت و هەروەها لە چەند لیژنەیەکیشدا دەبێتە ئەندام."
شۆخان حەسیب ئەوەشی خستە ڕوو "ئێستا ئەندامی ئەنجوومەن هەیە سەرۆکایەتیی دوو لیژنە دەکات، بەڵام دوای گەڕانەوەمان بە دڵنیاییەوە پێداچوونەوە بە دابەشکردن و سەرۆکایەتیکردنی لیژنەکاندا دەکرێت و وەک فراکسیۆنی پارتیش دوو لیژنەمان بەردەکەوێت."
سەبارەت بە داواکاری بۆ وەرگرتنی لیژنە دیاریکراوەکان، ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی رەتی کردەوە بە دیاریکراوی هیچ داواکارییەکیان بۆ وەرگرتنی لیژنەیەکی دیاریکراو پێشکەش کردبێت و جەختیشی کردەوە، کاری لەپێشینەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، نەهێشتنی جیاکاری و کەمکردنەوەی رۆتیناتە لە دامودەزگاکانی حکوومەتی خۆجێیی شارەکەدا.
دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک لە بایکۆتکردن، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 28ـی تەممووزی 2026 گەڕایەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەلایەن فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو ئەنجوومەنیشەوە پێشوازی لەو هەنگاوە کرا و جەختیان لەوە کردەوە، گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی هێزێکی زیاتر بە ئەنجوومەنەکە دەبەخشێت.