کەشناسی هەرێم: بارستە هەوایەکی فێنک روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی هەوای فێنک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە پلەکانی گەرما.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی هاتنی ئەم بارستە هەوایە، لە رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدات و پلەکانی گەرما بە 4 بۆ 7 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
فازڵ ئیبراهیم گوتیشی: "بەهۆی کاریگەری ئەم بارستە هەوایە، بە شێوەیەکی گشتیی لە زۆربەی ناوچەکان بەرزترین پلەی گەرما بۆ ژێر 40 پلەی سیلیزی دادەبەزێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە 32 پلەی سیلیزی، ئەمەش فێنکاییەکی باش بە کەشوهەوای ناوچەکە دەبەخشێت."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی خستەڕوو، پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیە دەبن، لە پارێزگای هەولێر 37 پلە، سلێمانی 35 پلە، دهۆک 36 پلە، هەڵەبجە 37 پلە و لە پارێزگای کەرکووکیش بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 38 پلەی سیلیزی.
سەبارەت بە ئیدارە سەربەخۆکانیش، لە کەلار 39 پلە، ڕانیە 36 پلە، سۆران 35 پلە و لە زاخۆش 37 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت.