لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا زیاتر لە 150 هاووڵاتی سڤیل کوژراون
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە پشت بە هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) دەبەستێت و ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکیکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2025دا بوونەتە هۆی کوژرانی 153 کەسی سڤیل و برینداربوونی 243 کەسی دیکە، کە سەرجەمیان دەرئەنجامی 3 هێرشی ئاسمانی بوون بۆ سەر یەمەن.
لە راپۆرتێکدا کە پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە و تێیدا هاتووە، خەمڵاندنەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو 3 هێرشەی لە مانگی نیسانی 2025 لە یەمەن کراون، بە ئەگەری زۆرەوە زیانیان بە هاووڵاتییانی سڤیل گەیاندووە.
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە لە هەڵسەنگاندنێکی پێشووی پێنتاگۆندا بۆ ساڵی 2024، باس لە کوژرانی تەنها 2 هاووڵاتیی سڤیل و برینداربوونی 2 کەسی تر کرابوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکادا.
هەروەها راپۆرتەکە ئەوەشی خستەڕوو تاوەکو مانگی شوباتی 2026، 15 رووداوی تری پەیوەندیدار لە یەمەن هەبوون کە سێنتکۆم کاریان لەسەر دەکات بۆ هەڵسەنگاندن، لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەی کە لەلایەن رێکخراوە ناحکوومییەکانەوە پێشکەش کرابوون، بەگوێرەی رۆیتەرز، سوپای ئەمریکا دەڵێت ئامانجیان لاوازکردنی تواناکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکانە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، راپۆرتەکەی پێنتاگۆن هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوونی لە ناوچەی دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هادی تێدا نەبووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە رووی دابێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە سەرەتای شوباتی 2026ەوە، فەرماندەیی باشووری ئەمریکا خەمڵاندوویەتی "هیچ رووداوێک نەبووە ئەگەری هەبێت لە ساڵی 2025دا ببێتە هۆی زیانی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەییەکەدا".
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە تۆمەتباریان دەكات بە گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەی دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هادی و ئامانجەکانیان بە "تیرۆریستانی ماددە هۆشبەرەکان" ناو بردووە.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشت بە ئاماری کوژراوان دەبەستێت و دوای هەر هێرشێک بڵاو کراونەتەوە، ئەو هێرشانەی سوپای ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی 2025ەوە کردوویەتییە سەر ئەم کەشتییانە، بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 کەس.