هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی پشکی نەوت و بەنزین لە بەغدا دەکات

شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بەنزین، زیادکردنی پشکی نەوت و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان، روو لە بەغدا دەکات، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ ئامادەکاری لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی 2027ـی عێراق.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا شاندێکی وەزارەت بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بەنزین و ئەو پێشنیاز و داواکارییانەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشکەشی حکوومەتی فیدراڵی کردووە، سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد "داوامان لە بەغدا کردووە ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە بڕەکەی زیاد بکرێت، جا ئەو زیادکردنە چ بە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بێت یاخود عێراق خۆی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی نەوت وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە و بیانووەکەشیان ئەوەیە کە ئەمە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەبێت سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات."

هەروەها ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکراشی کرد کە ئامانجی سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا تەنیا بۆ پرسی بەنزین نییە، بەڵکو لەسەر پرسی بەرهەمهێنانی نەوت، شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە کەرتی نەوتەوە گفتوگۆ دەکرێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027ـی عێراق.

دوێنێ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یاداشتێکی فەرمییان بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە کردووە، هەروەها واژۆی زیاتر لە 130 پەرلەمانتاریان بۆ کۆکردووەتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەی واژۆکان بگاتە 160 بۆ 170 واژۆ، بەمەش زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی کردەوە، یاداشتەکەیان پاڵپشتە بە بڕگەکانی 14، 111 و 121ی دەستووری عێراق، جەخت لە یەکسانیی سەرجەم پارێزگاکان دەکەنەوە لە دابەشکردنی سامانەکاندا. لە یاداشتەکەدا دوو بژاردە خراوەتە بەردەم بەغدا، یان پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکان بەپێی رێژەی دانیشتووان (14%) دابین بکرێت دەکاتە 140 هەزار بەرمیل لەبری ئەو 50 هەزار بەرمیلەی ئێستا تەنیا 6%ی پشکەکانە، یانیش حکوومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەنزینی ئامادەکراو بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.