هیوا ئەحمەد: هاوسەنگی کارگێڕی لە کەرکووک تێکچووە و ستەم لە کورد دەکرێت
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەسەردەمی راکان جبووری 72 هەزار عەرەبی هاوردە لە کەرکووک نیشتەجێکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند، هاوسەنگی کارگێڕی لە کەرکوک تێکچووەو غەدر لە کورد دەکرێت، بەجۆرێک زۆرینەی پۆستەکان بەر عەرەب کەوتوون.
پرۆسەی تەعریب بەردەوامە، تا ئەو ئاستەی سوپا ڕێ لە جوتیارانی کورد دەگرێت لە کێڵانی زەوییەکانیان، بۆ كۆتایهاتنی ئەم دۆخەش پێویستە لێکگەیشتن لەگەڵ عەرەب و سەرکردایەتی سیاسی لە بەغداد بێتە ئاراوە، بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی هاوسەنگی، چونكە لە سەردەمی پارێزگاری پێشووتری کەرکوک، راکان جبوری کە عەرەب بوو، زیاتر لە 72 هەزار عەرەبی هاوردە هێنراونەتە شاری کەرکووک، ئەمەش بەگوێرەی ماددەی 140 رێکارێکی تەواو نایاساییەو بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە ئەنجام دراوە.
دەشڵێت: تا ئێستاش ماڵی زۆرێک لە کادیرانی پارتی لە کەرکوک بە داگیرکراوی ماونەتەوە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بگەڕێتەوە.
کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانی کەرکووک بۆ چەندین دەیەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێندا، حکومەتی بەعس سیاسەتێکی دیمۆگرافی (تەعریب)ی پەیڕەو کرد کە تێیدا هەستا بە ئاوارەکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی خێزانە عەرەبەکان لە سنووری پارێزگاکەدا.
لە دوای هێرشی ئەمریکا لە ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس، دەسەڵاتدارانی کورد کۆنترۆڵی کردەیی کەرکووکیان گرتە دەست. لەو ماوەیەدا زۆرێک لە کوردە ئاوارەکان گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان، لە بەرامبەریشدا هەندێک لە خێزانە عەرەبەکان دوای وەرگرتنی قەرەبووی دارایی، ناوچەکەیان جێهێشت.
دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق هەوڵیدا لە رێگەی ماددەی 140ەوە چارەسەری پرسی کەرکووک بکات. ئەم ماددەیە پڕۆسەیەکی سێ قۆناخی دیاری کردبوو کە پێکهاتبوو لە ئاساییکردنەوە، سەرژمێری گشتی، ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریکردنی داهاتووی کارگێڕی پارێزگاکە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە هەرگیز بە تەواوی جێبەجێ نەکرا.
گرژییەکان لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017دا گەیشتنە لوتکە، کاتێک هێزە فیدراڵییەکانی عێراق و یەکەکانی حەشدی شەعبی چوونە ناو کەرکووک و هێزەکانی پێشمەرگەیان لە پارێزگاکە وەدەرنا. ئەمەش دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2017دا هات. لەو کاتەوە، بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی کورد بەردەوام هۆشداری دەدەن و دەڵێن؛ گۆڕانکاری دیمۆگرافی و کارگێڕی لە کەرکووک بەردەوامە. نیگەرانییە سەرەکییەکانی کورد بریتین لە، لادانی بەرپرسانی کورد لە پۆستە گرنگە کارگێڕی و ئەمنییەکان و گۆڕینیان بە کەسانی دیکە، بەردەوامی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
پرسی خاوەندارێتی زەوی وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکان ماوەتەوە. جووتیارانی کورد رووبەڕووی ئەو داواکارییانە دەبنەوە کە لەلایەن خێزانە عەرەبەکانەوە دەکرێن، بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی سەردەمی بەعس داوای خاوەندارێتی زەوییەکان دەکەنەوە. ئەم ململانێیانە لە ناوچە گوندنشینەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و هەندێکجاریش رووبەڕووبوونەوەی توندوتێژ.