وەزارەتی ناوخۆ: سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی عێراقەوە بە قاچاخ دەهێنرێتە کوردستان
هەر دووکاندارێک سیمکارتی تۆمارنەکراو بفرۆشێت سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت و سیمکارتێکی زۆری تۆمارنەکراویش لە پارێزگاکانی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، لەوبارەوە وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، هەر دوکاندار و فرۆشیارێک مامەڵەیان پێوە بکات رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی و دارایی دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت؛ ئەو دەنگۆیانەی ئاماژە بەوە دەکەن گوایە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت راست نییە، بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
سەبارەت بە سزای سەرپێچیکاران، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بە رێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2021، هەر کەسێک یان دوکاندارێک سیمکارتی تۆمارنەکراو بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە بە بڕی سێ ملیۆن دیناری عێراقی. ئاشکراشی کردووە لە هەڵمەتەکانی دواییدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراودا گیراوە و رێککاری زۆر توند بەرامبەر ئەو کەس و خاوەن دوکانانە گیراوەتە بەر کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری سەرجەم دوکاندار، کاسبکاران و فرۆشیارانی مۆبایلی کردەوە کە بە تەواوی خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردن بە سیمکارتی تۆمارنەکراو و بێخاوەن، بە پێچەوانەوە، بەرپرسیار دەبن و تووشی توندترین سزای یاسایی و لێپێچینەوە دەبنەوە.
هاوکات جەخت کراوەتەوە، سیمکارت دەبێت تەنیا لە لایەن بریکارە فەرمییەکان و دوای تۆمارکردن و بەناوکردنی فەرمی بفرۆشرێت. هاوکات ئاگاداری هاووڵاتیانیشی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک سیمکارتی تۆمارکراو بە ناوی خۆیان نەفرۆشنە هیچ کەسێک، بێ ئەوەی بە شێوازی فەرمی خاوەندارێتییەکەی بگوێزرێتەوە.