پاکستان: هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئەمریکا و ئێران بەردەوامە

وێنە.. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، تاهیر ئەندەرابی
وێنە.. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، تاهیر ئەندەرابی

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، رایگەیاند، دۆسیەی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دانەخراوە، هەروەها ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی 60 رۆژە، کە لە یاداشتنامەی لێکگەیشتندا هاتووە، هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، تاهیر ئەندەرابی گوتی "پاکستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەردوو لایەنی ناکۆک بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێگە نەدات بەوانەی دەیانەوێت زیان بە پرۆسەی ئاشتی بگەیەنن."

ئەندەرابی روونیشیکردەوە، وەزیری ناوخۆی پاکستان، موحسین نەقەوی سەردانی تارانی کردووە، ئەو سەردانە هەلێک بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەڕەخسێنێت بە جۆرێک خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.

لە بەرامبەردا سەرۆکایەتیی ئێران رایگەیاند، وەزیری ناوخۆی پاکستان جەختی کردووەتەوە، ئامانجی سەردانەکەی بەدواداچوونی ئەو لێکگەیشتنانەیە لە کاتی سەردانی هاوتا ئێرانییەکەی بۆ ئیسلام ئاباد بەدەستهاتوون.

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی دوێنێ سێشەممە، جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن لە رێگەی نێوەندگیران کردەوە، هەروەها پابەندبوونی تارانی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان سەبارەت بە گەرووی هورمز دووپاتکردەوە.

سەبارەت بە پێشهاتە هەرێمییەکان، ئەندەرابی رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی پاکستان، محەممەد ئیسحاق دار بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتاکانی لە سعوودیە، کوەیت و بەحرەین قسەی کردووە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دواپێشهات و هەوڵەکانی بە ئاراستەی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەی لەگەڵ تاوتوێ کردوون.

ئەندەرابی گوتیشی: دۆخی فەڵەستین و قودسی رۆژهەڵاتیش لە کاتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا تاوتوێ کراون.

سەبارەت بە رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش، ئەندەرابی روونیکردەوە، ئەو رێککەوتنە ئارەزووی ئەو سێ وڵاتە بۆ بەهێزکردنی تواناکانیان پێشان دەدات، بە جۆرێک خزمەت بە ئاشتیی ناوچەکە بکات و بەشداری بکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.

ئەو بەرپرسە دەڵیت: بە گوتەی وەزیری دەرەوەی پاکستان رێککەوتنەکە مێژووییە و پاکستان رۆڵێکی سەرەکیی لە گەیشتن پێی هەبووە.

رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش، هەینیی رابردوو لە نێوان سعوودیە، پاکستان و تورکیادا واژۆ کرا، ئامانج لێی بەهێزکردنی بەرگریی هاوبەشە دژ بە هەر دەستدرێژییەک، هەروەها هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەر کام لەو وڵاتانە بە هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەکرێت و تایبەتە بە پەرەپێدانی لایەنەکانی هاوکاریی بەرگریی لە نێوانیاندا.

پاکستان ماوەی چەند مانگێکە نێوەندگیری دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا دەستیان پێکردووە. ئەو جەنگە لێکەوتەکانی بووەتە هۆی ئەوەی تاران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرش بکاتە سەر وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییە ئابوورییەکانی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.