وەزیری تەندروستی: خوێی هیمالایا لە پشکنینەکان دەرنەچووە بۆیە قەدەخە کراوە

خوێی هیمالایا
خوێی هیمالایا

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی بەرانبەر خوێی هیمالایا تووند دەکات و دەسەڵات دەداتە تیمەکانی چاودێری بۆ قەدەخەکردنی هەر جۆرە خۆراکێکی زیانبەخش، ئەمەش دوای ئەوە دێت بە هۆی دەرنەچوونی لە پشکنینەکاندا، فرۆشتنی ئەو جۆرە خوێیە لە شارۆچکەی سەیدسادق قەدەخە کرا.

لە 26ی مانگی رابردووەوە، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی سەیدسادق، فرۆشتنی خوێی هیمالایا لە سەرجەم بازاڕ و فرۆشگاکان قەدەخە کراوە و دەست بەسەر تەواوی ئەو بڕەدا گیراوە لە بازاڕەکاندا هەبووە. 

بە گوێرەی راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، دوای وەرگرتنی دوو نموونە و ناردنیان بۆ تاقیگە، دەرکەوتووە ئەو جۆرە خوێیە بۆ بەکارهێنان و خواردن گونجاو نییە. بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر، پێنج نموونەی دیکە پشکنینیان بۆ کراوە و هەمان ئەنجامیان هەبووە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان کراوە خۆیان لە بەکارهێنانی بپارێزن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان 24، ئەو جۆرە بەرهەمە لە وڵاتی پاکستانەوە هاوردە دەکرێت و لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە دەهێندرێتە ناو هەرێمی کوردستان. سەرەڕای دەرچوونی لە کۆنترۆڵی جۆریی دەروازەکە، لە تاقیگەکانی سلێمانی و سەیدسادق دەرنەچووە، هۆکارەکەش بۆ بوونی چەند پێکهاتەیەکی زیانبەخش دەگەڕێتەوە مەترسی بۆ سەر جەستەی مرۆڤ دروست دەکەن.

لە بەرانبەردا، کۆمپانیای هاوردەکار بەرگری لە بەرهەمەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت لە کاتی هێنانی خوێیەکەدا سەرجەم پشکنینەکانیان لە مەرزەکان بە سەرکەوتوویی بڕیوە و رێگەپێدانی فەرمییان وەرگرتووە. ئەم جیاوازییە لە ئەنجامی پشکنینەکان گومانی لای هاووڵاتییان دروست کردووە سەبارەت بە هۆکاری قەدەخەنەکردنی لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارانە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم دۆخە ئاساییە، چونکە تیمەکانی چاودێریی ناوخۆیی دەسەڵاتی تەواوی پشکنین و بڕیاردانیان هەیە. 

وەزیری تەندروستی گوتی، هەر بەرهەمێک لە پشکنینەکاندا سەرکەوتوو نەبێت، رێگە بە فرۆشتنی نادرێت و بە پێچەوانەشەوە کێشەی نابێت. هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی گومانکردن لە هەر جۆرە خوێیەک، رادەستی تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی پێکهاتەکەی.