دیپلۆماتکارێکی پاکستان نهێنیی دانووستانەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات
باڵیۆزی پاکستان لە رووسیا ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن لە نێوان تاران و واشنتن کار دەکات و دانوستانەکان لە پشت دەرگا داخراوەکان بەردەوامن. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە "رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش " و توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی تەنیا بۆ مەبەستی بەرگرییە و هەڕەشە نین بۆ سەر هیچ لایەنێک.
فەیسەڵ نیاز تیرمزی، باڵیۆزی پاکستان لە رووسیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ هەرچەندە بەرپرسانی ئێران باس لە نەبوونی دانوستان دەکەن، بەڵام "کاری دیپلۆماسی وەک مەلەی مراوییە لە ئاودا، چالاکییەکان لە ژێر ئاوەوە بەڕێوە دەچن و نابینرێن، ئێستاش دانوستانەکان بەردەوامن."
تیرمزی ئاماژەی بەوە کرد، پاکستان هەمیشە هەوڵ دەدات ببێتە ناوەندگیرێکی دەستپاک و بێلایەن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، چونکە هەر پەرەسەندنێکی ململانێکان کاریگەریی نێودەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دروستبوونی قەیرانی خۆراک. گوتیشی: "ئێستا وەزیری ناوخۆی پاکستان لە ئێرانە و لەگەڵ ئەمریکییەکانیش لە پەیوەندیداین بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە رێگەی دانوستانەوە."
سەبارەت بە واژۆکردنی "رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" بۆ بەرگریی هاوبەش کە لە 7ی ئاب ئەنجامدرا، باڵیۆزی پاکستان گوتی: "پاکستان هیچ مەبەستێکی دەستدرێژیکارانەی بەرامبەر هیچ وڵاتێک نییە، بۆمبی ئەتۆمی شتێکە کە پاکستان هەرگیز بەکاری ناهێنێت و تەنانەت هەڕەشەی بەکارهێنانیشی نەکردووە، بەڵکو بڕوای تەواومان بە ئاشتی و دیالۆگ هەیە."
تیرمزی روونیشی کردەوە، ئەم رێککەوتنەی نێوان (پاکستان، تورکیا و سعوودیە) تەنیا میکانیزمێکی بەرگرییە و دژی هیچ لایەنێک نییە. ئاماژەی بەوەش کرد؛ "پاکستان زۆر خۆشحاڵ دەبێت ئەگەر وڵاتی زیاتری ناوچەکە بەشدار بن لەم پرۆسەیەدا، چونکە ئێمە تەنیا دەستمان تێکەڵ کردووە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."