بەرگریی رووسیا: زیاتر لە 500 درۆنی ئۆکرانیامان تێکشکاند

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە و لەناوبردووە، هاوکات هێزەکانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگدا لە خارکێڤەوە تا زاپۆریژیا و بە ناوچەکانی دۆنێتسک و دنیبرۆپترۆڤیسکدا پێشڕەوییان بەردەوامە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "شەوی رابردوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی 502 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیی جۆری باڵ جێگیریان بەسەر ناوچەکانی بێلگۆرۆد، بریانسک، کالوگا، کورسک، لیپێتسک، ئۆریۆل، هەرێمی کراسنۆدار، کۆماری قرم و دەریای رەشدا کردووەتە ئامانج و تێکیان شکاندوون".

وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەروەها روونیکردەوە کۆگایەکی سووتەمەنییان لە بەندەری ئۆدێسا بۆردومان کردووە، بە گوتەی ئەوان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی سوپای ئۆکرانیا بەکارهاتووە، لە راگەیەندراوێکی دیکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، روونیکردەوە، هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە بە ئامانج گرتنی ئەو بەندەر و کەشتییانەی لە خزمەتی کیێڤدان. ئاماژە بەوەشکراوە "شەوی رابردوو، چەکی ئاسمانیی وردپێک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری مەودادرێژ، کۆگایەکی سووتەمەنیان لە بەندەری ئۆدێسا کردە ئامانج کە سووتەمەنیی بۆ یەکینەکانی سوپای ئۆکرانیا دابین دەکرد".

لەسەر ئاستی مەیدانی، هێزەکانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە تا باشووری ئەو وڵاتە پێشڕەویی دەکەن. لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە کات و ساتی جیاوازدا باسی کۆنترۆڵکردنی شارۆچکە و گوندەکان دەکات.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، هێزەکانیان شارۆچکەی فۆدیانیان لە ناوچەی خارکێڤی ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردووە. لە چەند رۆژی رابردووشدا، هێزەکانی رووسیا لە چەند ناوچەیەکی زاپۆریژیا پێشڕەوییان کردووە، بەڵام دیارترین پێشڕەوییان هێرشکردنە سەر شاری ئۆریخێڤ بووە کە پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگە.

لە شوباتی 2022، هێزەکانی رووسیا بەفەرمانی ڤلادمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هێرشەکانیان بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەیان داگیر کرد، بەهۆی ئەو جەنگەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون، هەروەها بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی وڵات بوون.