فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا کەوتەخوارەوە
فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا لە کاتی راهێناندا کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی رزگاری بوو.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف - 16 لە کاتی فڕینی راهێناندا لە پارێزگای یالۆڤا تێکشکا، فڕۆکەوانەکەمان بە بازدان رزگاری بووە."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا باسی لەوە کردووە: "هۆی تێکشکانی فڕۆکەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد دیاری دەکرێت."
هەر لەبارەی رووداوەکەوە ئەحمەد حەمدی ئوستا، پارێزگاری یالۆڤا رایگەیاند، فڕۆکەکە لە کاتی فڕینی راهێناندا تێکشکا، هاوکات فڕۆکەوانەکەی سەلامەتە. باسی لەوەش کرد، راستەوخۆ دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی گەیشتنە شوێنەکە.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، دەستبەجێ ناوچەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە گەمارۆ دراوە، تاوەکو تیمەکانی لێکۆڵینەوە پشکنینەکانیان ئەنجام بدەن و هۆی رووداوەکە دەستنیشان بکەن.
فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف - 16 بەشێکی گرنگی هێزی ئاسمانیی تورکیا پێک دەهێنن، زۆرجار لە بنکە ئاسمانییەکانەوە بۆ فڕینی راهێنان و ئەرکی سەربازی بەکار دەهێنرێن.