رۆیتەرز: هیچ گفتوگۆیەک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران لە ئارادا نییە

سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە نێوان تاران و واشنتندا ئەنجام نەدراوە، چونکە لە روانگەی تارانەوە رێککەوتنەکەی پێشوو هەرگیز بە فەرمی دەستیپێنەکردبوو تاوەکو درێژ بکرێتەوە

چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند، "هیچ باسێک لەسەر درێژکردنەوە لە ئارادا نییە، چونکە لە روانگەی ئێرانەوە ئەمریکا کەمتر لە 48 کاتژمێر دوای گەیشتن بە رێککەوتنەکە، بنەماکانی پێشێل کرد و دوای چەند رۆژێکیش بە تەواوی لێی پاشەکشەی کرد."

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، تەنیا چڕبووەتەوە لەسەر گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنە کاتییەکەی پێشوو و دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکان، و راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا پێشکەوتنی زۆر کەم لەم بوارەدا بەدەستهاتووە.

لێدوانەکەی ئەم سەرچاوەیەی تاران بۆ رۆیتەرز پاش ئەوە دێت کە ئاژانسی فەرمیی ئەنادۆڵۆی تورکی بڵاویکردەوە، سەرچاوەکانی ناو حکوومەتی پاکستان رایانگەیاندووە تاران و واشنتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستێکی کاتیی 60 رۆژە رێککەوتوون لە ژێر چوارچێوەی رێککەوتننامەی کاتیی مانگی حوزەیرانی رابردوودا.

رێککەوتنەکەی مانگی حوزەیران بڕیاربوو ببێتە هۆی کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا، بەڵام زۆری نەخایاند و بە تەواوی هەرەسی هێنا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 7ی تەمموزدا رایگەیاندبوو رێککەوتنەکە کۆتایی پێهاتووە، و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هەفتەیەک پاش لێدوانەکەی ترەمپ هەڵپەساردنی رێککەوتنەکەی راگەیاند.

مۆڵەتی 60 رۆژەکە لە رێککەوتنەکەدا گوزارشتی لە چوارچێوەیەکی کاتیی نوێبووەوە دەکرد کە تێیدا بڕیاربوو تاران و واشنتن بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ سنووردارکردنی پڕۆگرامی ناوەکیی ئێران و لادانی سەرجەم سزاکانی ئەمریکا. هەروەها، چەند مەرجێکی گرنگ وەک هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنیی لوبنان، دابینکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە کەنداو و بەخشینی مۆڵەت بە ئێران بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی، وەک مەرجی پێشوەختە دیاریکرابوون پێش چوونە ناو هەر جۆرە گەڕێکی تری گفتوگۆوە.