کوەیت پووچەڵکردنەوەی پلانێکی داعش بۆ سەر دامەزراوەیەکی گرنگ رادەگەیەنێت
وەزارەتی ناوخۆی کوەیت، پووچەڵکردنەوەی پلانێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی راگەیاند، کە دەیویست یەکێک لە دامەزراوە هەستیارەکانی ئەو وڵاتەی بکاتە ئامانج.
چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆی کوەیت، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ توانیویانە پلانێکی تیرۆریستی پووچەڵ بکەنەوە، کە مەبەستی بوو یەکێک لە دامەزراوە هەستیارەکانی وڵات بکاتە ئامانج، هەروەها هاووڵاتییەکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان پێش جێبەجێکردنی پلانەکەی دەستگیر کردووە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە، "تۆمەتبارەکە مەشقی لەسەر دروستکردنی تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیشی بە مەبەستی بەکارهێنانی لە جێبەجێکردنی پلانە تیرۆریستییەکەیدا بۆ سەر یەکێک لە دامەزراوە گرنگەکان دروست کردووە."