نوعمان کورتوڵموش وردەکارییەکانی یاسای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئاشکرا دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەو یاسایەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئامادە کراوە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ ئاشتی و چەسپاندنی برایەتی. دووپاتیشی کردەوە، یاساکە "لێبوردنی گشتی نییە" و سەرکردایەتیی باڵای پەکەکە ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند "ئەم یاسایە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و چەسپاندنی برایەتی لە وڵاتدا." ئاماژەی بەوەش دا، لە ناوەڕۆکی یاساکەدا هیچ رستەیەک نییە زیان بە سەروەریی نیشتمانی، یەکپارچەیی خاکی تورکیا و پێکهاتەی دەوڵەتی یەکگرتوو بگەیەنێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا روونی کردەوە، لە ماددەی یەکەمی یاساکەدا، سەرکردایەتیی باڵای پەکەکە بە روونی بەدەر کراون و جەختی کردەوە "ئەم یاسایە لێبوردنی گشتی نییە، بەڵکو یاسایەکی کاتی و سەربەخۆیە و بە تەواوی پەیوەستە بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی پەکەکە."
لەبارەی رۆڵی دامەزراوەی یاسادانانیشەوە، کورتوڵموش باسی لەوە کرد، پەرلەمانی تورکیا لە هەموو قۆناخەکاندا چاودێر دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی تایبەت پێکدەهێنرێت.
کورتوڵموش ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئامانجی سەرەکیی یاساکە پاراستنی "شکۆی کورد و شانازیی تورکە" بەبێ ئەوەی هانی هیچ جۆرە جیاکارییەکی نەتەوەیی بدرێت.
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە قۆناخی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کرد و گوتی "پێویستمان بە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، مەدەنی، ئازادیخواز و نیشتمانی هەیە؛ لە ئێستاشدا کەشوهەوای سیاسیی تورکیا بۆ ئەم هەنگاوە گونجاوە و وڵات لە دوای بنبڕکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای "بههێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یهكگرتوویی كۆمهڵایهتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتبوو لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.