26 وڵات سەرکۆنەی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەقی راگەیەندراوە هاوبەشی 26 وڵاتی جیهان و نوێنەری باڵای دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەوروپای بڵاوکردەوە، تێیدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەکارهێنانی سزای سێدارە دژی خۆپیشاندەران لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەکەن و داوای ئازادکردنی بێ مەرجی دەستگیرکراوەکان دەکەن.
چوارشەممە 12ی ئابی 2026، هاوپەیمانییەکی 26 دەوڵەت، لەوانەش فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، ئەلبانیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، نەمسا، بەلجیکا، قوبرس، دانیمارک، ئیسپانیا، ئیستۆنیا، فینلەندا، ئایسلەندا، لاتڤیا، لیتوانیا، مەکدۆنیای باکوور، مۆنتینیگرۆ، نیوزلەندا، هۆڵەندا، پورتوگال، کۆماری چیک، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا و سوێد، بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەری باڵای دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەکارهێنانی بەردەوامی سزاکانی لەسێدارەدان دژی خۆپیشاندەران لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەن
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیان لەوە کردەوە کە ئامانجی تاران لەم سزایانە تەنیا بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتکردنی دەنگە جیاوازەکانە، و رایانگەیاند: پەنابردن بۆ سزای سێدارەدان بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان، چاوترسێنکردنی کۆمەڵگەکان، و سزادانی ئەو کەسانەی کە تەنیا مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان پەیڕەو دەکەن، بە هیچ شێوەیەک و لە چوارچێوەی هیچ بارودۆخێکدا بێ پاساوە."
دووپاتیشیان کردووەتەوە، گەلی ئێران دەبێت بە تەواوی ئازاد بن لە پەیڕەوکردنی مافەکانیان بۆ ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کۆبوونەوەی ئاشتیانە بە بێ بوونی ترس لە سەرکوتکردن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە داوا لە ئێران دەکەین کە دەستبەجێ بەکارهێنانی سزای سێدارە ڕابگرێت و سەرجەم ئەو کەسانە ئازاد بکات کە رەشبگیرکراون."
وڵاتانی هاوبەش داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە تاوەکو بە تەواوی گوێ لە دەنگی گەلی خۆیان بگرن کە داوای گۆڕانکاریی ریشەیی دەکەن، و رێوشوێنی کرداری بگرنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستن و رێزگرتن لە پرنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ.
هاوکات داوا لە واشنتن و دەوڵەتانی تری جیهانیش دەکەن کە فشارەکانیان بۆ سەر تاران بەردەوام بکەن تاوەکو رێگری لە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سزایە مەتسیدارانە بکەن کە دژی بنەما فەرمییەکانی مافەکانی مرۆڤ کار دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 19ـی ئادارەوە لانی کەم 56 کەس بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانی لەسێدارەدراون کە 27 کەسیان پێشینەی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیدا هەبووە، و زیاتر لە 100 کەسی تریش لە ژێر مەترسیی لەسێدارەدان دان.
گرژییە ناوخۆییەکانی ئێران لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد کاتێک خۆپیشاندانی جەماوەری بەهۆی گرانیی بژێوی ژیانەوە سەریهەڵدا و گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی بەرفراوانی دژ بە حکومەت. دەسەڵاتدارانی ئێران کوژرانی زیاتر لە 3,000 کەسیان تۆمارکرد و توندوتیژییەکانیان گەڕاندەوە بۆ "کردەوەی تیرۆریستی" کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پلان بۆ دانراوە، هەرچەندە ڕێکخراوە دەرەکییەکان ئاماری زۆر بەرزتر بڵاودەکەنەوە و هێزە ئەمنییەکان بە تەقەکردن لە خەڵکی مەدەنی تۆمەتبار دەکەن.
چەند هەفتەیەک دواتر، لە 28ـی شوباتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی هاوبەشیان کردە سەر ئێران کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوای ئەوەش ڕێژەی گرتن و لەسێدارەدانەکان لە وڵاتەکەدا چەند هێندە بووەوە.
بەتایبەت، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە 2,150 کەسی لەسێدارەداوە، کە بەمەش بە جیاوازییەکی زۆر گەورە دوای چین، بووەتە یەکەمین وڵاتی بەکارهێنەری سزای سێدارە لە جیهاندا.