ترەمپ: گەرووی هورمز لە کۆنتڕۆڵی ئێمەیە و دەیپارێزین

سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردەوە سەر سوپا و سیاسەتەکانی تاران و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمزیان بەدەستەوەیە و پێی وایە واشنتن بڕیاری هێشتنەوەی ئەو کۆنتڕۆڵە دەدات، چونکە گەمارۆ دەریاییەکەیان وەک دیوارێکی پۆڵاین دەجوڵێتەوە.

چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) لە پەیامێکی نوێدا نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە. من پێم وایە ئێمە ئەم کۆنتڕۆڵە دەپارێزین و دەیهێڵینەوە، گەمارۆ دەریاییەکەمان لە لایەن هەموو کەسێکەوە بە 'دیواری پۆڵاین' ناو دەبرێت، و هیچ شتێک نییە کە ئێران بتوانێت لە دژی ئەنجامی بدات."

سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر توانای سەربازی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گوتی: "ئەوان نە هێزی دەریاییان هەیە و نە هێزی ئاسمانی، سەربازە ماوەکانیشیان بە بێ مووچە ماونەتەوە؛ سوپای پاسداران بە تەواوی تێکشکێندراوە و لە هەڵاتندایە، سەرکردایەتییەکەشیان لە دۆخێکی ناڕووندایە."

ترەمپ لە بارەی دۆخی دارایی تارانەوە رایگەیاند: "ئەوان هیچ پارەیەکیان نییە و وڵاتەکەیان تێکشاوە. تەنیا شتێک کە هەیان بێت بریتییە لە هەواڵی چەواشەکارانە و ساختە و رێژەی 300%ـی هەڵاوسان کە رۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتریش دەچێت. ئێران تەنیا دەنگە و هیچ کردەوەیەکی نییە، و چیتر زۆردارەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە.