پووتین هەڕەشە لە نەیارانی رووسیا دەکات
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، تۆڵەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتتییە بازرگانییەکانی دەکاتەوە لە هەر شوێنێک بێت و جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوەی هەندێ وڵات بەرامبەر کەشتییەکانی وڵاتەکەی دەیکەن، جگە لە چەتەیی و دزی دەریایی هیچی تر نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی ئابی 2026 ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە قۆناخی کۆتایی مەشقی کەشتییەکانی زەریای هێمن رایگەیاند، بەهۆی ئامادەیی و بەهێزبوونی ناتۆ، ململانێکان لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن تەشەنە دەستێنن.
پوتین گوتیشی، ناتۆ دزە دەکاتە ئێرە و بلۆکی سەربازی - سیاسی نوێ دروست دەبێت، سیستەمی چەکی نوێ جێگیر دەکرێن یا پلانی جێگیرکردنیان لێرە هەیە، ئەمەش مەترسی لەسەر وڵاتەکەمان درووست دەکات.
سەرۆکی رووسیا جەختی کردەوە، کە هێزی دەریایی وڵاتەکەی ئەرکە دیاریکراوەکانی لە بواری خۆیدا جێبەجێدەکات، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کردەوەکانی رۆژئاواوە، ئەگەری تەشەنەسەندنی ململانێکان لە زیادبووندایە.
پوتین ئەوەشی خستەروو، کە کاربەدەستانی هەندێ وڵات، بە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەریایی، هەوڵدەدەن جوڵەی کەشتییە بازرگانیەکانمان بە تایبەت کەشتییە ئاشتیخوازەکان سنوردار بکەن و لەم دواییانەدا بیریان لەوە کردووەتەوە کە کەشتیەکانمان دەست بەسەردا بگرن و بارەکانیان بفرۆشن.
سەرۆکی رووسیا جەختی کردەوە، ئەوەی هەندێ وڵات بەرامبەر کەشتییەکانی وڵاتەکەی دەیکەن، جگە لە چەتەیی و دزی دەریایی هیچی دیکە نییە و ئەگەر بەردەوامبن، ناچارین بەشێوەیەکی رژد وەڵام بدەینەوە.