زەیدی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق بڕیاری کۆتاییە و گەڕانەوەی نییە
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە ناوچەییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی.
چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی تێیدا روودەدەن تاوتوێ کران، هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکە و چەسپاندنی بنەماکانی سەقامگیری کرایەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان و، چەسپاندنی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی کردەوە، بە شێوەیەک کە پاراستنی شکۆی دەوڵەت و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوە فەرمییەکان مسۆگەر بکات.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە 30ـیی ئەیلوولی داهاتوودا، وادەیەکی کۆتاییە و هیچ گەڕانەوەیەکی بۆ نییە، هەروەها تیشکی خستە سەر جێبەجێکردنی بەرزترین ئاستی پلانە ئەمنییەکان، پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی و مسۆگەرکردنی سەروەریی نیشتمانی.