سبەی شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی سعوودیە دەکات

سەرچاوەیەکی تایبەت بە کەناڵی 'الحرة'ـی راگەیاند: شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە، سبەی سەردانی سعوودیە دەکات.

سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ کەناڵی 'الحرة' ئاشکرای کرد، سبەی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق سەردانی سعوودیە دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکە لە کاتی سەردانەکەیدا، دۆسیەی هێرشەکانی ئەم دواییەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان تاوتوێ دەکات کە سعوودیەیان کردبووە ئامانج، کە ریاز رایگەیاندبوو "له خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون".

ئەم سەردانەی شاندی عێراق بۆ سعوودیە، دوای سەردانێکی شاندێکی ئەو وڵاتە دێت بۆ بەغدا لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەرۆکایەتیی خالید بن عەلی حومەیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سعوودی، کە تێیدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

زەیدی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، پەرۆشیی حکوومەتەکەی بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ سعوودیە دووپات کردبووەوە، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی بەغدای بە ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە زیان بە ئاسایشی وڵاتانی تر بگەیەنێت کردبووەوە.

بە پێی گوتەی سەرچاوەکە، گفتوگۆکانی شاندی عێراقی لە سعوودیە سەرنج دەخەنە سەر هەماهەنگیکردني هەوڵە هەواڵگری و ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان "ئەگەر لە ناو عێراقەوە ئەنجام درابێتن".

بڕیار وابوو زەیدی لە 30ـی تەممووزدا سەردانی ریاز بکات، بەڵام سەردانەکە دواخرا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی پێشووی ئەو گرووپانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە عێراقدا چەندین گرووپی چەکدار هەن کە هەندێکیان لەژێر چەتری "حەشدی شەعبی"دان و توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەزاندنی سنوورەکانیان هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵ.

هەروەها سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، سەرکردەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کەناڵی 'الحرة'ـی راگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا دەستیان بە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە کردووە کە راستەوخۆ بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی کردووەتە ئامانج، ئەمەش بە فراوانترین جموجۆڵی مەیدانی دادەنرێت لەوەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.