زەیدی: تا یەکی ئۆکتۆبەر هیچ هێزێكی بیانی له‌ عێراقدا نامێنێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە بەغدا کۆبوونەوە و پرسی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان لە عێراق تاوتوێ کرد.

چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە بەغدا کۆبوونەوە.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی و براد کووپەر، جەختیان لەسەر رێککەوتنی تەواو و کۆتایی بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردەوە، بە پێی ئەو رێککەوتنەی کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی تەممووزی رابردوودا ئەنجامدرا.

زەیدی ئاماژەی بەوەش کردووە، "یەکەم رۆژی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ،دەبێتە رۆژێکی نوێ لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، چونکە عێراق لە هەر بوونێکی سەربازیی بیانی خاڵی دەبێت و سەروەریی نیشتمانیی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا بە دەست دەهێنێتەوە، هەروەها بەردەوام دەبێت لەسەر بونیادنانی توانای ئەمنی و سەربازیی خۆی، بە جۆرێک کە بتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی خۆی بپارێزێت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی دەستوور و ئەو بنەما نەگۆڕانەی کە دەوڵەتی لەسەر بونیاد نراوە، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و، ئاڕاستەکردنی تواناکانی رۆڵەکانی گەل بەرەو بونیادنان، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کرد.

باسی لەوەش کرد، عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بە هەوڵی سەرجەم رڕۆڵەکانی هەیە بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز، دەوڵەتێکی سەقامگیر و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هەروەها جەختیشی کردەوە، کە کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە بە پێی یاسا، هەمووان دەپارێزێت، دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەرییەکەی بەهێز دەکات، ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر دەکات و، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گواستنەوەی عێراق بەرەو قۆناخێکی نوێ لە گەشەپێدان و گەشەکردن."

هاوکات هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەرەو هەماهەنگی و هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووری، گەشەپێدان و ئەمنی هەنگاو دەنێت، لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش لە سەروەريی دەوڵەت و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.