سێنتکۆم: لە گەرووی هورمز رێڕەوی 59 کەشتیی بازرگانیمان گۆڕیوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەکانەوە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆی "دیواری پۆڵاین" دژی ئێران، و نوێترین ئاماری رێگریکردنەکانیشی بڵاوکردەوە.
چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، سێنتکۆم لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، فڕۆکەیەکی جەنگیی هێزەکانی ئەمریکا لە جۆری "F/A-18" لەسەر پشتی فڕینی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی "USS George H.W. Bush (CVN 77)" فڕیوە، لە کاتێکدا کەشتییەکە لە ئاوەکانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و جێبەجێکردنی گەمارۆیی ناسراو بە "دیواری پۆڵاین"ی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماری نوێی چالاکییەکانی هێزەکانی تا رێکەوتی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە مەرجەکانی گەمارۆکە، ئاڕاستە و رێڕەوی 59 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە کە ویستوویانە گەمارۆکە ببڕن، 3 کەشتیی سەرپێچیکاریان بە تەواوی لەکارخستووە، و چوونەتە سەر 2 کەشتیی تری بازرگانی بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە بارەکانیان.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) لە پەیامێکی نوێدا نووسیبووی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە. من پێم وایە ئێمە ئەم کۆنتڕۆڵە دەپارێزین و دەیهێڵینەوە، گەمارۆ دەریاییەکەمان لە لایەن هەموو کەسێکەوە بە 'دیواری پۆڵاین' ناو دەبرێت، و هیچ شتێک نییە کە ئێران بتوانێت لە دژی ئەنجامی بدات."
سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر توانای سەربازی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گوتی: "ئەوان نە هێزی دەریاییان هەیە و نە هێزی ئاسمانی، سەربازە ماوەکانیشیان بە بێ مووچە ماونەتەوە؛ سوپای پاسداران بە تەواوی تێکشکێندراوە و لە هەڵاتندایە، سەرکردایەتییەکەشیان لە دۆخێکی ناڕووندایە."
ترەمپ لە بارەی دۆخی دارایی تارانەوە رایگەیاندبوو: "ئەوان هیچ پارەیەکیان نییە و وڵاتەکەیان تێکشاوە. تەنیا شتێک کە هەیان بێت بریتییە لە هەواڵی چەواشەکارانە و ساختە و رێژەی 300%ی هەڵاوسان کە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتریش دەچێت. ئێران تەنیا دەنگە و هیچ کردەوەیەکی نییە، و چیتر زۆردارەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە.