راپۆرتێک: هەوڵەکانی خۆکوشتن لە ناو کەشتیی جەنگییەکانی ئەمریکا زیادی کردووە
میلیتەری تایمز لە راپۆرتێکی بەدواداچوونی تێروتەسەلدا ئاشکرای دەکات، بڵاوەپێکردنی درێژخایەنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "USS Abraham Lincoln" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئێران، کێشەیەکی توندی دەروونی، ماندووبوونی بێپچڕان و چەندین هەوڵی خۆکوژیی لە ناوخۆی کەشتییەکەدا لێکەوتووەتەوە و خێزانەکانیشیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی میلیتەری تایمز، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "USS Abraham Lincoln" کە نزیکەی 5,000 سەرباز و مارێنزی لەسەرە، لە 21ی تشرینی دووەمەوە گەشتەکەی دەستی پێکردووە و زیاتر لە هەشت مانگە لە ناوچەکەدا بەردەوامە لە هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران. ئەم ئەرکە کە بڕیاربوو لە مانگی ئایاردا کۆتایی بێت، بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکراوەتەوە.
شێڵبی ساندەرز، کە دایکی لە سەر کەشتییەکەیە، بە میلیتەری تایمزی راگەیاند، دایکی پێی گوتووە کە بۆ ماوەی پێنج هەفتەی بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنی جەنگ دابووە، ئەمەش پەیوەندی بە تەواوی ئەستەم کردووە." ساندەرز کە ئێستا ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی ساڵی کۆتایی خوێندنی ئامادەیی دەکات، بە نیگەرانییەوە دەڵێت نازانێت چۆن بێ دایکی دڵخۆش بێت چونکە نازانێت ئایا دایکی پێش جەژن، ڕۆژی لەدایکبوونی یان کریسمس دەگەڕێتەوە یان نا.
ڕاپۆرتەکەی میلیتەری تایمز سەرنج دەخاتە سەر چەندین رووداوی دڵتەزێنی ناو فڕۆکەهەڵگرەکە؛ ئانابێل لۆما رایگەیاند، هاوسەرەکەی کە ئەفسەرێکی دێرینە بە ئەزموونی 13 ساڵ کارکردن لە هێزی دەریایی بەهۆی ماندووبوونی زۆر و بەردەوامەوە هەوڵی داوە خۆی لە سەر پشتی کەشتییەکەوە فڕێبداتە ناو ئاو، و ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە و دەترسێت بەهۆی ئەم دۆخە دەروونییەوە کارەکەی بە تەواوی لەدەست بدات.
لە رووداوێکی تری هاوشێوەدا، ماریا رۆدریگێز، هاوسەری سەربازێکی تر ئاشکرای کرد کە هاوسەرەکەی لە کاتی ئێشکگریدا رێگری لە هاوپۆلێکی کردووە کە خەریکی خۆسازدان بووە بۆ خۆفڕێدانە ناو زەریا و بە هاوکاریی سێ سەرباز بۆردی دیکە توانیویانە بە توندی قۆڵی بگرن و رزگاری بکەن. پێشتر، رۆژنامەی "ستارس ئەند سترایپس" پشتڕاستی کردەوە فەرماندەیی کەشتییەکە سەرجەم کارمەندەکانی لە رێگەی بڵندگۆی فەرمییەوە لە رووداوی رێگریکردن لە خۆکوژیی هاوپیشەیەکیان ئاگادار کردووەتەوە.
هەفتەی رابردوو، زیاتر لە 200 ئەندامی خێزانی سەربازەکان لە سان دیێگۆ لەگەڵ هۆنگ کاو، سەرپەرشتیاری فەرمیی هێزی دەریایی ئەمریکا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەیەکی دیکەی هەمان ئێوارەدا، خێزانەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی لە بارەی ئاسایشی دەروونی، شەکەت بوون، تێکچوونی خەون و سەلامەتیی سەرنشینانی کەشتییەکە.
جێگری ئەدمیراڵ جۆزێف کاهیل (Joseph Cahill)، فەرماندەی هێزە دەریاییەکان دانی بە قورسیی دۆخەکەدا نا و ئاماژەی بەوە کرد، چەندین راوێژکاری دەروونی و قەشەی ئاینی لە سەر پشتی کەشتییە جەنگییەکان دابینکراون بۆ هاوکاریی دەروونی. هۆنگ کاو بە خێزانەکانی راگەیاند هێزی دەریایی لە ئامادەکاریدایە بۆ ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بۆ شوێنگرتنەوەی هێزەکانی سەر پێگەی لینکن، بەڵام بەهۆی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنییەوە خشتەی کاتیی ناردنەکەی ئاشکرا نەکرد.
مانوێل گوێڤارا، کە کوڕەکەی لە سەر پشتی کەشتییەکەیە، بە میلیتەری تایمزی گوت: کوڕەکەی زۆر ماندووە و لە ژێر دۆخێکی خراپی نیشتەجێبوون، جۆری خواردن و پاراستنی پاک و خاوێنیدایە، گوتیشی: "مەترسیی گەورەم ئەوەیە کە ئەم بڵاوەپێکردنە درێژخایەنە کاریگەریی نەرێنی لە سەر کوڕەکەم دروست بکات و بە سەلامەتی نەگەڕێتەوە ماڵەوە، ئەمەش باری سەرشانی دڵمی زۆر قورس کردووە."
هاوکات ئێستا ئانابێل لۆما خەریکی بەخێوکردنی سێ منداڵەکەیەتی لە کاتێکدا هاوسەرەکەی لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە و دەڵێت: "هەوڵ دەدەم خەندە بخەمە سەر لێوی سێ منداڵەکەم کە بیری باوکیان دەکەن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە منیش بە بەردەوامی و تەنانەت هەموو رۆژێک دەمەوێت لە ناوخۆمدا تێکبشکێم."