ئەژی چەتۆ: خۆرگیران هیچ کارساتێکی سروشتی لەسەر زەوی دروست ناکات
شارەزایەکی بوارى فەلەکناسی رایگەیاند، دیاردەی خۆرگیران هیچ مەترسییەک یان کارساتێکی سروشتی لەسەر زەوی دروست ناکات، ئاشکراشی کرد کە لە هاوینی ساڵی 2027دا، خۆرگیران لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، ئەژی چەتۆ حەسەن، شارەزای بوارى فەلەکناسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، بەپێی هەژمارە فەلەکییەکان، لە 2ـی ئابی 2027دا دیاردەی خۆرگیران لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت و نزیکەی %57ـی دیسکی خۆر لەلایەن مانگەوە داهێنرێت. گوتیشی: "پرۆسەکە لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆوە تاوەکو نزیکەی 02:00ـی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت."
لەبارەی ئەوەی بۆچی هەندێک جار دیاردەی خۆرگیران لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناکەوێتە بەر دیدە، ئەو شارەزایەی فەلەکناسی روونی کردەوە، کاتێک سێبەری مانگ دەکەوێتە سەر زەوی، ناوچەیەکی جوگرافیی زۆر کەم دەگرێتەوە، بۆیە هەڵکەوتەی جوگرافی رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە بینیی دیاردەکەدا؛ بە شێوەیەک رەنگە بڕێکی زۆری لە وڵاتێک ببینرێت و لە وڵاتێکی دیکە بە هیچ شێوەیەک دەرنەکەوێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە پەیوەندیی خۆرگیران بە بوومەلەرزە، لافاو و وێرانکارییەوە دەکەن، ئەژی چەتۆ جەختی کردەوە کە ئەمە تەنیا دیاردەیەکی ئاسایی و سروشتیی ئاسمانییە و هیچ کاریگەرییەکی وێرانکەر و تێکچوونێک لە کێشکردنی زەوی یان کەشوهەوا دروست ناکات، بەڵکو ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە.
لەبارەی مەترسییەکانی سەیرکردنی ڕاستەوخۆی خۆرگیران، ناوبراو هۆشداریی توندی دا و رایگەیاند "چاوی مرۆڤ لە شوێنی تاریکدا بیلبیلەکەی فراوان دەبێتەوە، لە کاتی خۆرگیرانیشدا کاتێک مانگ لە پێش خۆر لادەچێت، تیشکێکی زۆر بەهێز و خەست دەڕژێتە ناو چاو کە دەکرێت زیانی گەورە بە شبکەی چاو بگەێنێت و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بینین یان کوێربوون."
ئەو شارەزایەی فەلەکناسی جەختی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە بە چاوی ئاسایی، دووربین یان تەلەسکۆپ سەیر لە خۆرگیران بکرێت، مەگەر لە رێگەی بەکارهێنانی فلتەری تایبەتی فەلەکییەوە بێت.