ترەمپ: لە کۆتایی مانگ کارۆلاین پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند, سکرتێریی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی و یەکێک لە یاریدەدەرە باوەڕپێکراوەکانی، لە کۆتایی ئەم مانگەدا پۆستەکەی بەجێ دەهێڵێت، بەڵام وەک راوێژکارێکی دەرەکیی باڵا بۆ کۆشکی سپی و پارتی کۆماری بەردەوام دەبێت.
چوارشەممە 12ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: کارۆلاین لێڤت سکرتێریی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆتایی ئەم مانگەدا پۆستەکەی جێدەهێڵێت تاوەکو کاتی زیاتر لەگەڵ منداڵەکانی و خێزانەکەیدا بەسەر ببات، بڕیارێک کە بە گوتەی ترەمپ، کارۆلاین خۆی واز لە پۆستەکەی دەهێنێت و گوتی: "بە تەواوی لێی تێدەگەم و رێزی لێ دەگرم."
ترەمپ ئاماژەی بە رۆڵی نوێی لێڤت کرد و رایگەیاند، کارۆلاین لێرە بەدواوە دەبێتە یەکێک لە راوێژکارە دەرەکییە باڵاکانی سەرۆکایەتی و دەنگێکی کاریگەری ناو پارتی کۆماری بۆ یارمەتیدانی پارتەکە بە مەبەستی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی نیوەی خولدا.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی تێکۆشانی ناوبراوی کرد و رایگەیاند: "کارۆلاین لە ساڵی 2018ەوە وەک سەرکردەیەکی راستەقینە لە کۆشکی سپیدا کاری کردووە لە پێناو بەرگریکردن لە دادپەروەری و ئازادی، لەوانەش دەورگێڕانی بەهێزی لە کەمپینی دووبارە هەڵبژاردنەوە مێژووییەکەماندا لە ساڵی 2024."
ترەمپ لە پەیامەکەیدا کارۆلاینی وەک "یەکێک لە باشترین سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە مێژووی ئەم دامەزراوەیەدا" ناوبرد و سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی کارەکانی کرد لە ماوەی رابردوودا.