لە بەغدا دەست بەسەر زیاتر لە 20 درۆندا گیرا و چوار کەس دەستگیر کران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 درۆنی دەستکرددا گرتووە کە بە مەبەستی بازرگانیکردن ئامادە کرابوون، هەروەها چوار تۆمەتبار لەسەر ئەو کەیسە دەستگیر کران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە شاری بەغدا سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کە لە ناوخۆدا دروست کرابوون.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو درۆنانە بە مەبەستی بازرگانیکردن پێیانەوە ئامادە کرابوون، هەروەها هێزە ئەمنییەکان توانویانە چوار تۆمەتبار کە خاوەنی درۆنەکان بوون دەستگیر بکەن و رادەستی لایەنی پەیوەندیداریان بکەن.