بومەلەرزەیەک سێ وڵاتی ئەمریکای ناوەڕاست دەهەژێنێت

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، وڵاتانی سلفادۆر، هندۆراس و نیکاراگوای لە ئەمریکای ناوەڕاست هەژاند. بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، بومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) رایگەیاند، بومەلەرزەکە لە کاتژمێر 6:30 خولەک لە قووڵایی 56.8 کیلۆمەتر روویداوە. چەقی بومەلەرزەکە لە ناو زەریای هێمن بووە، بە دووری 160 کیلۆمەتر لە باشووری پایتەختی سلفادۆر.

لای خۆشیانەوە، وەزارەتی ژینگەی سلفادۆر ئاماژەی بەوە کردووە، گوڕی بومەلەرزەکە 5.7 پلە بووە، بەڵام دڵنیایی داوە  هیچ مەترسییەکی دروستبوونی شەپۆلی تسونامی لە ئارادا نییە.

بەرگریی شارستانی لە هەرسێ وڵاتی سلفادۆر، هندۆراس و نیکاراگوا پشتڕاستیان کردەوە کە بومەلەرزەکە ترس و شڵەژانی زۆری لەناو هاووڵاتییاندا دروست کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی برینداربوون یان رووخانی بیناکان تۆمار نەکراوە.

ناوچەی ئەمریکای ناوەڕاست بە یەکێک لە ناوچە هەرە چالاکەکانی جیهان لە رووی بوومەلەرزەوە دادەنرێت، ئەوەش بەهۆی بەیەکگەیشتنی پلێتە تەکتۆنییەکانی (کارێبی و کۆکۆس) و هەبوونی چەندین درزی جیۆلۆجی لە ناوچەکەدا.

تەنیا دوو رۆژ پێش ئێستا بومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی 7.4 پلە رۆژئاوای کۆڵۆمبیای هەژاند، بەهۆیەوە زیاتر لە 250 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە 24ـی حوزەیرانی رابردوودا، زنجیرە بومەلەرزەیەک لە ڤەنزوێلا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 6 هەزار کەس.