لە ئەمریکا هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی کەوتە خوارەوە
بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی ئەمریکی لە جۆری ئاپاچی لە ویلایەتی تێکساس، دوو سەرباز گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، بنکەی فۆرت هود کە هێلیکۆپتەرەکەی لێ جێگیرکرابوو لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێلیکۆپتەرەکە درەنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی سالادۆ کەوتووەتە خوارەوە، تیمەکانی بنکەکە و لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە.
تا ئێستا دەسەڵاتداران وردەکاریی رووداوەکە و هۆکارەکانیان ئاشکرا نەکردووە، هەروەها هیچ زانیارییەکیش لەبارەی ئەو ئەرکەی هێلیکۆپتەرەکە لە کاتی کەوتنەخوارەوەیدا پێی هەڵساوە، بڵاونەکراوەتەوە. بنکەکە روونیکردەوە، ناوی سەربازەکان دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان، بەپێی رێکارەکان رادەگەیەنرێت.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، هێلیکۆپتەرەکە لە کێڵگەیەک کەوتووەتە خوارەوە و دواتر ئاگری تێبەربووە، هەروەها بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگرێکی بەرفراوانیش لە ناوچەکەدا.
دوو مانگ لەمەوبەر فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری بی-52ـی سەر بە هێزی ئاسمانی لە کالیفۆرنیا کەوتە خوارەوە، بەو هۆیەشەوە 8 سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.