لە دهۆک یادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەڕێوەدەچێت
بڕیارە لە شاری دهۆک، بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش بە زنجیرە چالاکییەک یادی کۆمەڵکوژیی گوندەکانی کۆچۆ، گرعوزێر و سێبا شێخدرێ بەرز رابگرێت، ئەوەش بە مەبەستی رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و دووپاتکردنەوەی داواکارییەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ قوربانیانی دەستی تیرۆر.
بەپێی بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی باڵی بنکەی لالش، ئامانج لە سازکردنی ئەم چالاکییانە رێزگرتنە لەو قوربانیانەی لە ئەنجامی تاوانە دڕندانەکان دژی پێکهاتەی ئێزدی لە ناوچەکەدا ئەنجام دراون.
سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی لالش بە کوردستان24ی راگەیاند: "ساڵانە ئەو یادە دەکرێتەوە و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە هەردوو کۆمەڵکوژییەکە یاد دەکەینەوە؛ کۆمەڵکوژیی گرعوزێر کە بەر لە 19 ساڵ بە فەرمانی 73 دەناسرێت، هەروەها کۆمەڵکوژیی گوندی کۆجۆ کە بەر لە 12 ساڵ و لە 3ی ئابی 2014دا، وەک کۆمەڵکوژییەکی دیکەی ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش ئەنجام درا."
سەرۆکی بنکەی لالش ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو چالاکییانە تەنیا بۆ یادکردنەوە نین، بەڵکو وەک پەیامێکی بیرهێنانەوەیە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. وتیشی: "دەبێت ئەو جینۆسایدەی دەرهەق بە ئێزدییەکان کراوە، لە رێگەی دادپەروەرییەوە چارەسەرێکی بنبڕی بۆ بکرێت، ئەوەش ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە کە لەرێگەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە کار بکات بۆ ئەوەی عەدالەت جێبەجێ بکرێت، تاوانباران سزا بدرێن و قوربانیانیش قەرەبوو بکرێنەوە."
لە لایەکی دیکەوە، بنکەی لالش و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی خۆیان لەبارەی ئەم یادە ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەکەن. بڕیارە پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە پێشکەش بکرێت، و هاوکات چەندین چالاکیی ئەدەبی، هونەری و خوێندنەوەی هۆزان کە تایبەتن بە گوزارشتکردن لە ئازارەکانی قوربانیان، بەڕێوە بچن.