دوای پەسەندکردنی یاساکە؛ چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە و ئۆجەلان چی دەبێت؟

پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی بۆ چەکدانانی پەکەکە پەسەند کرد، بەڵام زیاتر لە 800 ئەندامی ئەو پارتە لە لێخۆشبوونەکە سوودمەند نابن و پرۆسەکەش لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا بە رێژەی 80% جێبەجێ دەکرێت.

ئاژانسی "تی 24"ـی تورکی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەسەند کرد؛ ئێستا سەرنجەکان لەسەر دامەزراوەکانی پاراستنی ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیایە بۆ دیاریکردنی کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی بێچەککردن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بە رێژەی 80% جێبەجێ بکرێت. ئەمەش دەرفەت بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەڕەخسێنێت تاوەکوو بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستپێکردنی گەڕانەوەی چەکدارەکان بدات.

لە ناوەڕۆکی یاساکەدا هاتووە، دەستەیەکی بەدواداچوون بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار و ئەندامێتیی وەزیرانی داد، ناوخۆ، دەرەوە، بەرگری و سەرۆکی میت پێکدەهێنرێت. ئەرکی ئەم دەستەیە چاودێریکردنی بارودۆخەکەیە لەسەر زەوی لە عێراق، ئێران و سووریا.

وەک ئەوەی ئاژانسەکە باسی کردووە، زیاتر لە 800 کەس لە دامەزرێنەران و کادیرە دێرینەکانی پەکەکە لەم یاسایە سوودمەند نابن، بەتایبەت ئەوانەی پێش ساڵی 2005 سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە یان بە کوشتنی بە مەبەست تاوانبار کراون.

هەروەها نزیکەی 300 سەرکردەی باڵای پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە و بڕیارە لە ناوچەیەکی عێراق نیشتەجێ بن بەبێ ئەنجامدانی کاری رێکخراوەیی.

لە بەردەوامیی پڕۆسەکەدا، چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناخی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی بگوازرێتەوە و رێگە بە رۆژنامەنووسان و نوێنەرانی رێکخراوە شارستانییەکان بدرێت سەردانی بکەن.

رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای "به‌هێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.

پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران. 

پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتبوو لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.