ئیمامئۆغڵو وازی لە جەهەپە هێنا و داوای پشتگیریکردن لە پارتەکەی ئۆزگور ئۆزەل دەکات

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە زیندانەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند و داوا دەکات خەڵک پشتگیری لە پارتە نوێیەکەی ئۆزگور ئۆزەل بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیستانبوڵ، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) راگەیاند. 

ئیمامئۆغڵو ماوەی ساڵ و نیوێکە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و ئێستا بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵی لە زینداندایە، بڕیارەکەیشی لە رێگەی پەیامێکەوە لە زیندانی سیلیڤری بڵاوکردەوە.

سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیستانبوڵ لە پەیامەکەیدا روونیکردووەتەوە، دوای 17 ساڵ ئەندامێتی لەو پارتە، ئەم بڕیارەی وەک ئەمەکدارییەک بۆ بەهاکانی وڵات و بەرپرسیارێتی بەرانبەر گەل داوە. لە پەیامەکەیدا سوپاسی هاوڕێ و هاوکارانی کردووە و داوای لە لایەنگرانی کردووە پشتیوانی لە پارتی نوێ (یێنی پارتی) بکەن کە بەم دواییانە لە لایەن ئۆزگور ئۆزەلەوە دامەزرێنراوە. 

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە ساڵی 2019 توانی پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستانبوڵ بەدەستبهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا دوو جار بەسەر بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئیمامئۆغڵو  لەو کاتەوە بووەتە یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەردەوام وەک رکابەرێکی بەهێزی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەبینرا. لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی چەندین گوشاری یاسایی و سیاسی بووەتەوە، لەوانە دۆسیەی سووکایەتیکردن بە ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، تا دواجار لە ساڵی 2025 بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و لە کارەکەی دوورخرایەوە.