سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گەیشتە دیمەشق
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ وەزیری دادی سووریا دۆسیەی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەلایەن مەزهەر عەبدولڕەحمان وەیس، وەزیری دادی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێ کرا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی عێراق، سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی گرنگە، دیارترینیان دۆسیەی دەستگیرکراوانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە ئەوانەی گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق.
عێراق و سووریا لەم دواییانەدا هەماهەنگییەکانیان لە رووی ئەمنی و دادوەرییەوە زیاتر کردووە. ئەم سەردانەی فایەق زێدان بۆ سووریا، یەکەم سەردانیەتی لەو جۆرە و ئامانج لێی بەهێزکردنی هەماهەنگیی دادوەری و یاساییە لە نێوان بەغدا و دیمەشق.
لە ماوەی رابردوودا، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پارێزگای حەسەکەوە بۆ زیندانەکانی عێراق گواستراونەتەوە.