وەزارەتی بازرگانیی عێراق: هیچ مووچەخۆرێک لە بەشەخۆراک بێبەش ناکرێت
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەرانەی راگرت کە مووچەیان لە سەرووی ملیۆن و نیوێک دینارە، نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا دەڵێت: "تا کاتی دابەشکردنی مووچە گەرەنتی نەکرێت، هیچ کەسێک لە بەشەخۆراک بێبەش ىاکرێت."
هەرچەندە بڕیاربوو لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە بەشەخۆراکی مانگانەی هەر مووچەخۆرێک ببڕدرێت کە مووچەکەی لە 1.5 ملیۆن دینار زیاتر بێت، بەڵام ئێستا ئەو بڕیارە بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.
حوسێن سەبری، نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ داوای لە حکوومەت کردووە کە تا کاتی دابەشکردنی مووچە گەرەنتی نەکرێت و مانگانە لە کاتی خۆیدا بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەکرێت، بەشەخۆراکی هیچ کەسێک نەبڕدرێت، تەنانەت ئەوانەشی مووچەیان بەرزە.
سەبری ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە راگیراوە و هیچ هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش نابێت، جگە لە فەرمانبەرانی حکوومەتی فیدراڵی لە هەرێم کە رێکاری دیکە دەیانگرێتەوە. نوێنەری وەزارەت گوتیشی: "لە دۆخی ئێستادا ملیۆن و نیوێک دینار زۆر نییە، چونکە بەراورد بە کاتی دەرکردنی بڕیارەکە، نرخی کاڵا و پێداویستییەکان بەرزبووەتەوە."
سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراک، حوسێن سەبری ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 93%ـی هاووڵاتییان فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە و تەنیا 7%ـیان ماوە. ئەو 7%ـەش بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن یان کێشەی بەڵگەنامە و کارتی نیشتمانییان هەیە.
حکوومەتی فیدراڵ لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بڕیاریدابوو ئەم پڕۆسەیە لە ساڵی 2026ـەوە جێبەجێ بکات، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و پێداویستییەکانی ژیان، پڕۆسەکە دەستیپێنەکردووە. جێی ئاماژەیە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 8000 بریکاری ئارد و خۆراک هەن و 5 ملیۆن و 350 هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.