باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل هێرشی نیشتەجێبووە جووەکان بە قێزەون ناو دەبات

مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، بە یەکێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانی نیشتەجێبوونی جووەکان لە کەناری رۆژئاوا دەناسرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە توندی سەرکۆنەی ئەو گەمارۆیەی کرد، نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان خستوویانەتە سەر ماڵی فەڵەستینییەکان و ئەو کارەی بە تۆقاندن و قێزەون وەسف کرد.

ئەم گەمارۆدانە لە رۆژی یەکشەممەوە دەستی پێکرد، کاتێک ژمارەیەک نیشتەجێبووی جووەکان خێمەیەکی کاتییان لە نزیک چەند ماڵێکی فەڵەستینی لە شارۆچکەی قوسرە لە باشووری نابلس هەڵدا. یەکێک لەو ماڵانە خێزانێکی فەڵەستینی تێدا نیشتەجێیە، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکین. بە وتەی دانیشتووانەکە، ئەم کارە بووەتە هۆی بڕانی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ ناوچەکە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل لە سەرەتادا نەیتوانی نیشتەجێبووەکان لەوێ دوور بخاتەوە.

هاکابی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئەو کارانەی ئەنجامدەرانی بۆ تۆقاندن، ترساندن و بێزارکردنی ئەم خێزانە ئەنجامی دەدەن، کارێکی قێزەونە." باڵیۆزی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، "هیچ پاساوێک بۆ ئەم جۆرە رەفتارە چەقاوەسووانە نییە."

ئیسرائیل لێدوانەکەی هاکابی بە نەخوازراو دادەنێت، چونکە هاکابی قەشەیەکی ئینجیلییە و پێشتر چەندین جار پشتیوانی خۆی بۆ نیشتەجێبوونی جووەکان لە کەناری رۆژئاوا دەربڕیوە و دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی نیشانداوە.

باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی کرد، ئیسرائیل لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستێوەردانی کردووە. سوپای ئیسرائیل بەیانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ناوچەکەیان وەک ناوچەی سەربازی داخراو ناساندووە و خێمەی نیشتەجێبووەکانیان لاداوە.

بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن؛ هێشتا گەمارۆکە بەردەوامە و نیشتەجێبووەکان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە. سوپای ئیسرائیل دووبارە بەیانی پێنجشەممە رایگەیاند؛ دوو خاڵی پێشەوەی نایاساییان تێکداوە و کەلوپەلەکانیان دەستبەسەردا گرتووە و کەسێکیشیان دەستگیر کردووە.

توندوتیژی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان دژی فەڵەستینییەکان لە کەناری رۆژئاوا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لە کەناری رۆژئاوا بێجگە لە قودسی رۆژهەڵات نزیکەی 3 ملیۆن فەڵەستینی دەژین، لە بەرامبەریشدا زیاتر لە 500 هەزار ئیسرائیلی لە نیشتەجێبووەکاندا نیشتەجێن کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە نایاسایی دادەنرێن.